هەوڵەكان بۆ كۆدەنگی لەسەر دەستوور چڕتر دەكرێنەوە

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی كار و چالاكییەكانی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، وێبینارێك بۆ پەرلەمانتار پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە ژێر ناونیشانی (دۆخی هەرێم لە نێوان موزایەدە و كاری جیددیی پەرلەمان)، ساز كرا.
پێشەوا هەورامانی، پوختەیەكی لەسەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە ئامانجی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمە، هەروەها كاركردن لەسەر تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی كەوا پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات و خزمەت بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت. لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بە پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا و گوتی، مەبەستی فڕاكسیۆنی پارتی ئەوەیە، لە خولی ئێستای پەرلەماندا دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسرێتەوە و تێبپەڕێندرێت. گوتیشی، پرسی دەركردنی دەستووری هەرێم لایەنێكی سەرەكیی بانگەشەی پارتیمان بوو لە هەڵبژاردنەكاندا. ئەو بابەتەشی بە زۆر گرینگ و بایەخدار وەسف كرد و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا هەوڵەكان چڕتر دەكرێنەوە بۆ ئەوەی كۆدەنگی لەسەر تێپەڕاندنی دەستوور بكرێت.
پێشەوا هەورامانی، هەروەها گوتی، پارتیمان گرینگییەكی زۆر بە پێگەی پێكهاتە جیاوازەكان دەدات و ئەوان سەرپشك كراون بۆ ئەوەی ئەو ماددانەی كە تایبەتن بەو پێكهاتانە، خۆیان لەو دەستوورەدا بینووسنەوە و مافەكانی خۆیان لەناو دەستووردا جێگیر بكەن.
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها روونی كردەوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كاتێك باسی لە زۆرینە و كەمینە نەكردووە، چونكە ئەگەر وابێت، ئەوا فڕاكسیۆنی پارتی بە هەماهانگی لەگەڵ چەند فڕاكسیۆنێكی ترەوە دەتوانن بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی تر دەستوور تێبپەڕێنن."
هاوكات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە: "پارتیمان دەیەوێت ئەو دەستوورە بۆ هەموو كوردستان بێت بە تەواوی چین و توێژ و لایەنەكانی ترەوە، چونكە ئامانجی سەرەكیمان بوونی دەستوورێكە كەوا پێگەی هەرێم بە هێزتر بكات و ببێتە سەرچاوەیەك بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم لە داهاتوودا.
هەروەها باسی لە ڕۆڵی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد لە نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە یەكەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەرێنی لە نووسینەوەی دەستوور ببینن، چونكە ئامانجی پارتیمان ئەوەیە هەرێمی كوردستان دەستوورێكی هەبێت كەوا بە دڵی هەموو لایەنەكان بێت و تەواوی بەرژەوەندیەكانی كوردستانی تێدا جێگیر بكرێت.
هەر لە پەراوێزی وێبینارەكەدا، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە دا، پارتی دیموكراتی كوردستان ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر پەرلەمان بە تەواوی جێبەجێ كردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو هەڵوێستەی بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت كاری ڕاستەقینەی خۆی لە یاسادانان و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكوومەت و لیژنە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان بكات. جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كەوا موزایەدەكردنی هەندێك پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی لەسەر پرسە نیشتیمانییە گرینگەكان زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و هاونیشتیمانیان دەگەیەنێت و هیچ سودێكی بۆ پڕۆسەی سیاسی هەرێم نابێت.
گوتیشی: "ئەركێكی قورسمان لەسەر شانە، بەڵام بڕواشمان بەوە هەیە كەوا لە كۆتاییدا سەركەوتوو دەبین لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و خزمەتكردنی هاووڵاتیان".




