"جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا زیادی كردووە"

دهۆك-KDP.info- جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا زیادی كردووە و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆكیش ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیاكانی دھۆك سوودمەندی یەكەمن و ٧٠%ی ئەو كەلوپەلانەی لە ئیبراھیم خەلیلەوە دێنە ھەرێمی كوردستان، ڕەوانەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێن.
ئەیاد حەسەن، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ ھەیە و ئەوەش ھۆكارێكە تا ڕەوش و جووڵەی بارزگانی لە نێوان ھەردوولا گەشە بكات و بازرگان و كۆمپانیاكانی پارێزگای دھۆكیش سوودمەندی یەكەمن، چونكە نەبوونی گرفت لە ھاتوچۆی بازرگانیی نێوان ھەردوو پارێزگای دھۆك و نەینەوا، وای كردووە جووڵەی بازرگانیی نێوان دھۆك و پارێزگاكانی دیكەی عێراق زۆر زیاد بكات".
سەرۆكی ژووری بازرگانیی دھۆك گوتیشی: "قەبارەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا زیادی كردووە و زۆربەی ئەو كەلوپەلانەی لە وڵاتی توركیا و لە ڕێگەی ئیبراھیم خەلیلەوە دێنە ھەرێمی كوردستان، دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە ڕێژەی گواستنەوە گەیشتووەتە ٧٠% بۆ پارێزگاكانی عێراق".
حەسەن ڕوونیشی كردەوە: "زیادبوونی جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا، كاریگەری لەسەر ھەلی كار هەبووە و كۆمپانیا و بازرگانانی سنووری پارێزگای دھۆك، توانیویانە سوود لە زیادبوونی جووڵەی بازرگانی وەر بگرن".
قائید میرۆ




