٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی تەندروستی: گرفتی كەمیی دەرمان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە چارەسەر دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ئێستادا كێشەی كەمیی دەرمانى تابیەت بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەریەك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك سەری هەڵداوە، سەرۆكی لیژنەی تەندروستیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێڵن و بەم زووانە كێشەكە چارەسەر دەكرێت.

د. سەباح مەحموود، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە تەواوی پارێزگاكان لەسەر هێڵین بۆ چارەسەركرنی ئەو گرفتەی كە بە هۆی نەمانی هەندێك جۆری دەرمانی پێویست بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دروست بووە، لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی بۆ دروستبوونی ئەم كێشەیەش، دواكەوتن یاخود درەنگ گەیشتنی ئەو بڕەدەرمانەیە كە مانگانە عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەینێرێت، كە بڕەكەی بە لە سەدا 12 دیاری كراوە، هۆكارێكی دیكەش، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆشانی شێرپەنجەیە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ نەخۆشخانەكانی ئێمە، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆری دروست كردووە، چونكە تێچووی چارەسەركردنیان بە هەمان شێوە و وەك هەر نەخۆشێكی دیكەی پارێزگاكانی كوردستان لەسەر شانی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمە".

ناوبراو گوتیشی: "هەرچەندە سندووقی كۆمەكی شێرپەنجە لە ماوەی ڕابردوودا بەو بڕە پارەیەی كە تێیدا بوو، رۆڵی گرنگ و سەرەكیی بینی لە كڕینی دابینكردنی دەرمانی پێویست بۆ تووشبووان، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە هۆی قەیرانی داریی و نەبوونی سیولەی پێویست، مانگانە رێژەیەكی كەم (كەمتر لە ١٠%) لەو پارەیە بۆ وەزارەت و نەخۆشخانەكان دابین دەكات، كە ئەمەش كەمترە لەو بڕە پارەیەی كە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە شێرپەنجە پێویستیانە".

دەشڵێ: "لە جیهاندا دەرمانی شێرپەنجە نرخی گرانە و تێچوییەكی زۆری پێویستە، تەنانەت دەسكەوتنی هەندێك لە جۆر و بڕی ئەم دەرمانانە كارێكی ئاسان نییە، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لە هەوڵداین و داوامان كردووە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە زیاد بكرێت، چونكە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەكە ڕووی لە هەڵكشانە".

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی زانیاری زیاتری دا و ڕونی كردەوە: "بە دڵنیاییەوە ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە، لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەر دەكرێت، هەر لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، لە ماوەیەكی نزیكدا لە شاری هەولێر (نەخوشخانەی لەیزەر) تایبەت بەو پشكینانەی كە هەر تووشبوویەك پێویستی پێیەتی، دەكرێتەوە".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار