کێشەی رەوانەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم بۆ عێراق چارە کرا

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کێشەی رێگریکردن لە ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق، چارە کرا و لەمەودوا جووتیاران رێگەیان پێ دەدرێت بەرھەمی خۆیان ھەناردە بکەن.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای ھەوڵی بەردەوامی حکوومەتی ھەرێم بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی و ھەناردەکردنی بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بۆیە بڕیار درا بە کردنەوەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە ڕووی جووتیارانی ھەرێمی کوردستاندا بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم.
لای خۆشیەوە، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "رێککەوتن کراوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ عێراق و لەمەودوا رێگە بە بەرھەمی ناوخۆیی ھەرێم دەدرێت بچێت بۆ عێراق، کە ئەمە یەکێکە لە خاڵەکان و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراقیش لەسەری رێککەوتووین".
سلێمان گوتیشی، جگە لەوە، ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم و عێراق لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتوون، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانە و بڕیارە لە بەیاننامەیەکدا تەواوی خاڵەکان ئاشکرا بکرێن.
پێشتر حکوومەتی عێراق رێگری دەکرد کە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بچێت بۆ عێراق و، بەرھەمی ئەوانیش دەھاتە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




