"گەڕانەوە بۆ نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانی"

هەولێر -KDP.info- "ئەو دەستکەوتانەی بە ئاشتی بە دەستمان دەکەون، بە شەڕ بەدەستمان نایەن، ئەوکاتەی کە پێویست بوو شەڕ بکەین؛ کردمان، پێویستە ئێستا و لەمەودوا شەڕ بە ئاشتی بکەین و شەڕی ئاشتی قورسترە، بروا بکەن، پێویستە نەفەس و سەبرمان درێژ بیت، ئێمە دەست لە مافی خۆمان هەڵناگرین، بەڵام ئێستا شێوەی خەبات گۆڕدرا، ئێستا خەباتی ئاشتیانەیە و لە دنیاشدا ئەم شێوازەی خەبات زیاتر قبووڵ کراوە و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا مومکینە، وەک ئێمە دەمانەوێ نییە، بەڵام دەستپێکردنی پرۆسەکە و ناوهێنانی ئاشتی و ناوهێنانی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران بڵی ئەو ڕۆژە بەسەر چووە ئینکاری ناوی کورد بکرێ، ئەمە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورەیە، بەڵام ئێمە تەجرووبەیەکی گەورەمان هەیە، هیوادارام سەبر و تەحەمولتان هەبێ و ئەوەی لێرەوە دەستی پێ کرد لە دەستی نەدەن، ئێمەش پشتیوانیی ئێوە و وەڵاتی تورکیاین، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە بچێت، هەرچییەک پێویست بێت دەیکەین، لە خزمەتی ئێوەداین." سەرۆک بارزانی ساڵی ٢٠١٣ لە کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان لە شاری ئامەد لە نیوان دەوڵەتی تورکیا و هەدەپە و پەکەکەدا، لەنێو سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان وای گوت.
سەرۆک بارزانی؛ بنیادنەر و پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی
ئەم قسانەی سەرۆک بارزانی لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کورد و نەڕشتنی یەک دڵۆپ خوێنی گەنجانی کورد بوو، بۆ ئەوەی جارێکی تر جگەری دایکێکی کورد نەسووتێت، ئێشتا ئەم قسانەی سەرۆک بارزانی بوونەتە بەڵگەیەک و ئەگەر ئەم بیرۆکەیەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ کرابا، ئێستا کوردانی باکوور خاوەنی زۆر دەستکەوت بوون."
سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوە بووە هەمیشە دانوستان باشترین ڕیگایە و بۆ ئەم کاتە دەبێ دانوستان شوێنی خەباتی چەکداری بگرێتەوە. سەرۆک بارزانی هەوڵی کردارییشی داوە بۆ پیڤاژۆی ئاشتیی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ کردووە، بەڵام جارێکی تر پیڤاژۆ کۆتاییی هات و شەڕی چەکداری لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا سەری هەڵەدا.
لەبارەی ئەو بیرۆکەیەی سەرۆک بارزانی، ئەندامی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئادەم گەڤەری، دەڵێت: "ئەو هەوڵدان و پێشنیاز و بیرۆکەیەی سەرۆک بارزانی هەڵبەت ڕاست و حەقیقەت و واقیی و دروست بوو بۆ بەرژەوەندیی گەلی باکوور بوو و بۆ هەرچوار پارچەی کوردستانیش دروست بوو، دنیای مەدەنی ئەوە دەخوازێت، ئێمەش گەیشتینە ئەو حەقیقەتە دەبێ بە ڕێگای سیاسی و سڤیل و ڕێگای دیموکراسی کێشەی کورد لەگەڵ وەڵاتان چارەسەر بکەین و دۆزی نەتەوەییش دروست بکەین، چونکە هیچ ڕێگایەکی تر لە پێشمان نییە، هەر وەڵاتەک دژە دیموکراسی بێت و هیچ حەق و حقووقێکی لەنێودا نەبێت، مافی کوردە بە چەکداری خەبات بکات، بەڵام یەک تۆز مەجال هەبێت دیموکراتیک، یاخود نیمچەدیموکراتیک مەجال هەبێ، پێویستە بە ڕێگایی چارەسەری ئاشتییانە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە پرۆسەی ئاشتیدا پەکەکە و هەدەپە و دەوڵەتی تورکیاش ئامادە نەبوون ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکات."
''ئێستا بەهۆی سیاسەتەکانی هەردوو لا، پەکەکە و هەدەپە و دەوڵەتی تورکیا، ڕەوشی شارەکانی کورد لە ڕەوشێكی خراپدان، بۆیە دەبێ هەردوو لا بگەڕینەوە بۆ سەر پرۆژەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی پرۆسەکەی ئاشتی دەست پێ بکەنەوە، جێگای ڕەخنەیە لە پەکەکە دەبووایە پەکەکە ئەو کارەی نەکردبایە کە بووەتە هۆکاری وێرانکاریی شارەکانی کورد و ڕەوشی ئەمنی و سیاسی لە شارەکانی کورد تێک چووە و نازانین کەی ڕۆژی خۆش دەرباز دەکەین.'' گەڤەری وای گوت.
سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان چیی کرد؟
هەر لە دەستپێکی شۆڕشی سووریادا سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوە بوو کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بن و بۆ ئەوەی بتوانن کیانێکی کوردی لە ڕۆژئاڤای کوردستانێ بپارێزن و ئاوەدان بکەن و دوور بێ لە ململانێ و ناکۆکییەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و کوردەکان بە ئازادانە بتوانن بژین، و تەواوی پشتیوانیی خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پارچەیە دیاری کرد.
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا، سەرۆک بارزانی ڕێککەوتنی هەولێر ١ و ٢ و ڕێککەوتنی دهۆکی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان دوو لایەنی سەرەکیی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیەدە و ئەنەکەسەدا ڕێ خست، کەچی پەیەدە نەک هەر جێبەجێی نەکردن، بگرە هەرچیی دژایەتییشیان هەبوو دژی ئەنەکەسە کردیان. لەو باریەوە، ئادەم گەڤەری سیاسەتمەداری کورد گوتیشی: ''زۆر جار دانوستاندن کرا و ڕێککەوتنیش کرا، بەڵام جیبەجێ نەکرا و نەکەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، جێگای داخە ناکۆکی و بێتفاقیی کوردان بەرەو زیاتر ڕۆیشتووە، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ کردبایە، ئەوکات عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی داگیر نەدەکرا و ڕەوشی ئابوورییش باشتر دەبوو، ئەگەر ڕەوشی سیاسی لە ڕۆژئاوا باش بووایە، ئەوا ڕەوشی کۆمەڵگا و دیموکراسی و ئابووری باشتر دەبوو، بەڵام وای نەکرد و هیچ ڕێککەوتنێک جێبەجێ نەکران و گۆییان لە سەرۆک بارزانی نەگرت".
'' ئێستاش ئەو کۆمەڵگایە بەرەو قاچاخچێتی دەڕوات، چونکە ڕەوشی ئابووری لە ڕۆژئاوای کوردستان خراپە، بۆیەش داموزدەزگای بازرگانی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ناتوانن کاری بازرگانی لە ڕۆژئاوا بکەن، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنەی هەولێر ١ و ٢ و ڕێککەوتنەکەی دهۆک ١ لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە جێبەجێ کرابا، نەک تەنیا قازانجی بۆ پارتەکانی کورد دەبوو، بگرە قازانجی بۆ تەواوی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەبوو، هەر لەبەر ئەوەش ئێستا تەواوی جڤاکی ڕۆژئاوای کوردستان باجی ئەو سیاسەتە هەڵەیە دەدات.''
گوتیشی: ''ئێستاش ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات ئەو لایەنانە نزیکی یەک بکات، بەڵام نزیکی یەک نابن، ئەمەش زیاتر لە ئەستۆی پەیەدەدایە، چونکە پەیەدە دەسەڵاتە و کاری بەدەستەوەیە.''
کــــــاروان بــــــــاعــــــەدری




