پێکھاتەکان: پێویستە لە دەستووردا مافەکانمان پارێزراو بن

ھەولێر-KDP.info- نوێنەرانی پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پێشکەشکردنی را و تێبینیی خۆیان لەبارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پێویستە دەستووری ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک بێت، مافی ھەموو پێکھاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
ھیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکو پێکھاتەی تورکمانی، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان چەند دانیشتنێکمان کردووە لەبارەی دەستوور و دەمانەوێت یەکڕا بین و دواتر بەیەک پاکێج ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە شارەزایانی خۆمان وەردەگرین لە بواری یاسا و دەستوور، بۆیە لیژنەیەک دروست کراوە و رای ھەمووان وەردەگیرێت لە ھەموو چین و توێژەکان و دواتر راپۆرتی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین".
سەباح گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت دەستوورێک بێت بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێت و مافەکانی پێکھاتەکان لە ڕووی سیاسی و ئیداری و نەتەوەییەوە، پارێزراو بن".
لای خۆشیەوە، رۆبینا تیاری، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە لە دەستووردا مافی ھەموو ھاووڵاتیان پارێزراو بێت و وەکو پێکهاتەی مەسیحیش سەرقاڵی ئەوەین را و بۆچوونی خۆمان ئامادە بکەین و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی بکەین".
تیاری باسی لەوەش کرد: "دەمانەوێت لە دەستووردا مافەکانی کلد ئاشووری دیاری بکرێن و ھەموو پێکھاتەیەک مافی خۆی ھەبێت، ئێمەش پشتگیری لە دەستوورێک دەکەین بۆ ھەرێمی کوردستان، کە مافی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی تێدا زامن بکرێت، هەروەها پێویستە دەستووری ھەرێمی کوردستان دڵنیایی بداتە سەرجەم پێکھاتەکان و بۆ ھەموو لایەک ببێتە چەترێک، کە ھەمووان پێکەوە لە ژێر سێبەری ئەو چەترەدا بین و یەکڕیزی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا فەراھەم بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




