فارس عیسا: ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

هەولێر-KD.info- شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار سەرانی بەغدایان کردووە بۆ ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمڕۆ ئێوارە جارێکی تر شاندەکە بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی بەغدا دەکەن.
۳۱ـی ۳ـی ۲۰۲۱، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بە گشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۱ـی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەر بوو، ماددەی ۱۱ بوو لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، کە تایبەتە بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسند کرا.
پەیوەست بە جێبەجێکردنی ئەم بودجەیە و پشکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئێوارە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێنە بەغدا و سبەی ۳۱ـی ٥ـی ۲۰۲۱ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ۲۰۲۱ و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، کۆدەبنەوە".
سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتیشی: "شاندەکە وەک جارانی پێشوو هەمان شاندە و جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیی شاندەکە دەکات."
فایزە کۆیی




