"تا ١٠%ی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان جێبەجێ نەکرێن نابێت پارە بدرێتە وەبەرھێنەر"

هەولێر -KDP.info- دەستەی وەبەرھێنان بڕیاری داوە بۆ ئەوەی لە ڕووی یاسایییەوە مافی ھاووڵاتییان پارێزراو بێت، پێویستە دوای جێبەجێکردنی ١٠%ی پڕۆژەکان ئینجا پارە بە وەبەرھێنەر بدرێت.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر پڕۆژەیەکی وەبەرھێنان تا ڕێژەی ١٠%ی تەواو نەکرێت ھیچ بڕە پارەیەک نابێت لەلایەن کڕیارەوە بدرێتە وەبەرھێنەر، لەبەر ئەوەش پێویستە پارەکە لە بانک دابنرێت، ئەوەش بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییانە لەو پڕۆژانەی لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە مۆڵەتیان پێ دراوە."
بەرپرسەکەی وەبەرھێنان گوتیشی: "تا ھاووڵاتییان لە ڕووی یاساییەوە بتوانن مامەڵە بکەن و دڵنیا بن لەوەی پڕۆژەکە لە دەستەی وەبەرھێنان تۆمار کراوە ئینجا کڕین و فرۆشتن بە یەکەی نیشتەجێبوونەوە بکەن."
موخلیس سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپێی بڕیاری دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەبێت ھەموو پڕۆژەیەک ڕێژەیەکی لێ جێبەجێ بکرێت ئینجا کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، بۆ ئەوەش دەستە دیاریی کردووە ھەموو پڕۆژەیەک پێویستە قۆناغێکی تێ پەڕاندبێت، واتە ١٠%ی جێبەجێ کرابێت، ئینجا مامەڵەی پێوە بکرێت."
قائید میرۆ




