٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە داتا چالاکییە دیپلۆماسییەکانی كوردستان و، ژمارەی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info - ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی كاری دیپلۆماسی لە كوردستان و ژمارەی نوێنەرایەتیی وڵاتان ئاشكرا دەكات و بەدواداچوون لەسەر پرسی كردنەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیش لە چەند وڵاتێك دەكات. بەپێی دەرەنجامی بەدواداچوونەكان بۆ ڕێكخستنەوەی هەیكەلیەتی فەرمانگە نووسراوێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە.

سەفین دزەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نووسراوێک ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەکی ئامادە کرد و بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی نارد بۆ ئەوەی چاوخشاندنەوە بە ئەرک و پێکهاتەی فەرمانگە بکرێت و بەپێی پێویست ڕێکخستنەوەی بۆ بکرێت. بەڵام تاکوو بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی ئاماژەپێکراوی سەرەوە، لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆکوەزیران و بە ڕەچاوکردنی پێشهات و گۆڕانکارییەکان و بەرفراوانبوونی ئیش و کاری فەرمانگە و زیادبوونی نێردەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، کار لەسەر هەموارکردنەوەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٤٣ لە ٢٥/١/٢٠٠٩ کراوە کە تایبەتە بە داڕشتنی پێکهاتەی فەرمانگە."

راشی گەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە کار دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. ئێستا هەرێمی کوردستان (١٤)  چواردە نوێنەرایەتیی کارای لە دەرەوە هەیە و لەسەر بنەمای بوونی ڕەوەندی کوردستانی لەم وڵاتانە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و ئاستی پەیوەندیی ئەو وڵاتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کلتووری و زانستی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. و هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و بەلجیكا و ئەڵمانیا و سوید و نەمسا و ئیسپانیا و پۆڵەندا و سویسرا و ڕووسیا و ئێران و ئوسترالیا هەیە.

هاوكات جگە لە نوێنەرایەتییەکان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەش چەندین سەردانی فەرمیی گرینگی ئەنجام داوە لەپێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. لێرەدا پوختەیەک لەو سەردانانە دەخەینە ڕوو:

یەکەم: سەردانی سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا (10/9/2019): لە میانەی ئەو سەردانەدا، جەنابی وەزیر کۆبوونەوەی ئەنجام دا لەگەڵ هەریەک لە: سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوە ی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق.

دووەم: بەشداریکردن لە 74مین کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان (21/9/ تاکوو 30/9/2019): بە درێژاییی هەفتەی گەشتەکە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی کۆماری عێراق چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی وڵاتان و کەسایەتیی گرنگ: دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و  بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئەنجێلا مێرکل، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و جوزیبی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڕومین ڕادیڤ، سەرۆکی بولگاریا و شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و سالومی زورابیشڤیلی، سەرۆکی جۆرجیا و حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و دێڤد مالپاس، سەرۆکی بانکی جیهانی و ئودری ئازولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

هەر لە میانەی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک، سەفین دزەیی و بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەریکا بەجیا کۆبوونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ: مارتین بۆڤیشیل، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک و باڵیۆز جەیمس جیفری، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ پرسی سووریا و نێردەی تایبەت بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و کارۆل پۆمسۆن ئۆکونیل، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ دیسکی دانیشتووان و پەنابەران و کۆچ.

سێیەم: سەردانی سەفین دزەیی بە یاوەریی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر (28-31/10/2019): بەڕێز سەفین دزەیی، یاوەریی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بوو بۆ بەشداریکردن لە گرووپی سه‌ره‌کیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ له‌ قه‌ته‌ر، له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌خت و کۆبوونەوە لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن ناسر بن خەلیفە ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی قەتەر و شێخ موحەمەد ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر و کۆبوونەوە لەگەڵ میر ته‌میم بن حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ ئال سانی، میری قه‌ته‌ر.

چوارەم: سەردانی سەفین دزەیی بۆ واشنتۆن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (14/11 بۆ 26/11/2019): بە مەبەستی خستنەڕووی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسە هەنووکەیییەکان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڕێز سەفین دزەیی سەردانێکی فەرمیی واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و لە میانەی گەشتەکەی زیاتر لە 40 کۆبوونەوەنەی جۆراوجۆری ئەنجام دا.

پێنجەم: سەردانی سەفین دزەیی، بە یاوەریی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەنقەرە (28/11/2019): له‌ کۆبوونه‌وه‌یەکدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ كرا و جه‌خت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییەکانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌رە و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ كرایه‌وه و هەروەها له‌گه‌ڵ مەولوود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گفتوگۆ لەباره‌ی پێشهاتەکانی ناوچەکە و چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان كرا، بەتایبەت بابەتە پەیوەندیدارەکانی بواری بازرگانی و ئابووری.

شەشەم: سەردانی سەفین دزەیی بە یاوەریی بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بۆ ئیمارات (1/12/2019): لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئەبووزەبی، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشبڕکێی خەڵاتی ئیمارات بۆ فڕۆکەوانیی گەورەی فۆرمولا یەک.

لە سەرەدانەکەدا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ هەریەک لە محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئەبووزەبی و محه‌مه‌د بن ڕاشد، جێگری سه‌رۆكی ئیمارات و سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری به‌رگری و فه‌رمانڕه‌وای دوبه‌ی و میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان، جێنشینی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ و ئه‌رمین سه‌ركیسیان، سه‌رۆكی ئه‌رمه‌نستان و ڕوستم مینیخانۆف، سه‌رۆكی ته‌ته‌رستان و هەروەها ژماره‌یه‌ك له‌ شا و سه‌رۆك و سه‌ركرده‌‌ و وه‌زیرانی وڵاتان.

حەوتەم: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئوردن دەکات و لەگەڵ شا عەبدوڵڵا کۆ دەبێتەوە (1/3/2020): سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوەڵی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی حکوومی سەردانی ئوردن کرد و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆ بوونەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن کرا.

هەشتەم: سەردانی سەفین دزەیی بە یاوەریی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە (4/9/2020): شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌ولوود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆ بووه‌وه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا كۆ بووه‌وه‌.

ئەمە جیالەوەی كە بەهۆی کەرەنتین و پەتای کۆڕۆنا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان و قوتابییان و خوێنکاران و نەخۆش کە لە وڵاتان گیریان خواردبوو لەژێر ڕۆشناییی ڕاسپاردەکانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگیی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ، لە ماوەیەکی دیاریکراو توانرا نزیکەی ٣٠٠٠ سێ هەزار هاووڵاتی بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و هاوکات ٥٩٥ هاووڵاتیی بیانی ڕەوانەی وڵاتی خۆیان کرانەوە. هەموو پرۆسەکەش بەپێی ڕێنمایییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە چوو.

سەفین دزەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی زیاتر قسەی كرد و گوتی: "سەبارەت بە خزمەتگەیاندن بە ڕەوەندی کوردستانی ئەوا دەرگای نوێنەرایەتییەکان هەمیشە بە ڕووی ڕەوەندی کوردستانیدا کراوە بووە. نوێنەرایەتییەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خاڵی پەیوەندی بووە لە نێوان ڕەوەندی کوردستانی و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێم بەتایبەت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بریکارنامە و درێژکردنەوەی مۆڵەت و ڕاستی و دروستی لە بەڵگەنامەی جۆراجۆرەکانی لەدایکبووون و مردووان و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە. لەم بارەوەیەوە لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە زیاتر لە ٨٠٠٠٠ هەشتا هەزار بەڵگەنامەی پشتڕاست کردووەتەوە. وێڕای نووسراوی هاتووی فەرمی کە زیاتر لە ٢٠٠٠٠ بیست هەزار و نووسراوی ڕۆیشتوو زیاتر لە ١٥٠٠٠ پانزە هەزار نووسراوە بووە لە ساڵی ٢٠١٩ تاکوو ئێستا. وێنەیەکیش لە تەواوی ئەو بەڵگەنامانە لای خۆمان پارێزراون."

ڕاشی گەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە کارنامەی حکوومەت وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کارمان کردووە بۆ زیاتر چالاککردنی ئەرک و کارەکانی نوێنەرایەتییەکان لە دەرەوە و بە بەردەوامی لە پێشووەچوونەکان ئاگادارمان کردوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی زیاتر ببینن لە گەیاندنی پەیام و سیاسەتی حکوومەتی هەرێم بۆ دەرەوە و بەدەستهێنانی پشتگیریی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێم و هاندانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی هاوکارکارییە مرۆیییەکانان بەتاییەتی لە سەروبەندی هاتنی ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران و کۆکردنەوەیان لە چەندین کامپی تایبەت لە پارێزگەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

دزەیی دەشڵێت: "کارمان کردووە بۆ دانانی میکانیزمێکی کارکردن لە نوێنەرایەتییەکان لە ڕووی گۆڕانکاری لە میلاکات و بوودجە بە شێوەیەک لەگەڵ بارودخی ئەمڕۆی هەرێم بگونجێ. هاوکات لە بەرنامەدایە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەپێی توانای بەردەست لە ڕووی دارایی و توانای مرۆیی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە چەند وڵاتێکی تر بکاتەوە."

ئەوەشی خستە ڕوو: "قەیرانی دارایی هەرێم بەهۆی نەناردنی بوودجە لەلایەن بەغدا و سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا کە تەواوی جووڵە ئابووری و بازرگانییەکانی سست کرد  و ئەو بارودۆخەش نوێنەرایەتییەکانی لێ بێبەش نەبوون، بەڵام نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە دەرەوە لەسەر کار و چالاکییەکانیان بەردەوام بوون و  توانیویانە سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن و بە ڕاپۆرتی تایبەت فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەست كەوتووە لەم خشتەیە لیستی كونسووڵگەری و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە كوردستان ڕوون دەكرێتەوە.

لیستی کونسووڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان و ئاستەکانیان لە هەرێمی کوردستان

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار