٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری باج بۆ KDP: پێویستە كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن باج بدەنە ھەرێم نەك بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری باجی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كاری بەردەوام بۆ رێكخستنەوەی باج و زیادكردن و فرەچەشنكردنی داھاتی ناوخۆ دەكرێت. دەشڵێ، بۆ پرسی باج، كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن بەپێی دەستوور و یاسا پێویستە باج بدەنە ھەرێم، بۆیە پەرلەمان راسپێردراوە ئەو كێشەیە لە رێگەی یاساوە چارە بكات.

دكتۆر كەمال وەرتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەشێكی رێنماییەكانی بواری باج كەوتوونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و بەشێكیان پێویستی بە یاسا ھەیە بۆیان دەربكرێت، كە لەو رووەوە كاری باش كراوە و پارەیەكی باش بۆ خەزێنەی حكوومەت گەڕاوەتەوە، كە بە ملیاران دینار دەخەمڵێنرێت، بۆیە لێخۆشبوون بۆ ھیچ كەسێك نییە لە نەدانی باج و ھیچ كەسێكیش ناتوانی خۆی لە باجدان بدزێتەوە".

وەرتی گوتیشی: "پێویستە ئەو قاچاغە زۆرەی ھەیە نەهێڵرێت و خۆدزینەوە نەمێنێت و داھاتی ناوخۆش فرەچەشن بكەین و زیادیش بكرێت، ئەگەر ئەوە بكەین، دەتوانین لەسەر پێی خۆمان راوەستین و مووچەش دابین بكەین".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "سەبارەت بە كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردنیش پێویستە لە یاسای بودجەدا ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە یاخود یاسا ھەموار بكرێتەوە، چونكە حكوومەت پڕۆژەی داوەتە پەرلەمان تا لە یاسای بودجەدا ئەو كارە رێك بخاتەوە و لە بەغداش ناتوانن كێشەمان بۆ دروست بكەن، چونكە نیوەی داھات دەدرێتەوە بەغدا، بە مەرجێك ئەگەر بەغدا پشكی ھەرێم بە تەواوی رەوانە بكات".

باسی لەوەش كرد: "تا ئێستا داھاتی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە، ئێمەش كار لەسەر ئەوە دەكەین بەپێی یاسا و دەستوور داهاتەكە بۆ هەرێم بگەڕێتەوە، بەڵام كاتی خۆی لە بەغدا گرێبەست كراوە و ئێمەش كاری باشمان كردووە و لە داھاتوودا بە ھەوڵی سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی دڵسۆزی ئەو وڵاتە، كاری باش دەكرێت و بەردەوامیش دەبین لە زیادكردنی داھاتی ناوخۆ".

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار