هەولێر.. پێشانگا و بازاڕێكی دۆستایەتیی دیپلۆماسی كرایەوە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پێشاندانی بەرهەمی ناوخۆی كوردستان و وڵاتانی بیانی و پشتگیریكردن لە بزنسی ناوخۆیی و سەوزكردنی كوردستان، بۆ یەكەمین جار لە هەولێری پایتەخت پێشانگا و بازاڕێكی دۆستایەتیی دیپلۆماسی كرایەوە.
سەرەتای بیرۆكەی كردنەوەی پێشانگا و بازاڕی دۆستایەتیی دیپلۆماسی لە هەولێری پایتەخت، لە لای كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان بەڕێز میخال سڤۆبۆدا گەڵاڵە بوو، كە بە هاوكاریی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاسانكاریی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم، بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ ماوەی یەك ڕۆژ لە شاری ئەكادیمیی چیكی كرایەوە، كە پێشوازییەكی گەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە لێ كرا.
جێی باسە، نزیكەی (١٠) كۆنسوڵگەری و ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی و (٢٧) خاوەنكاری ناوخۆیی لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارییان تییدا كرد، كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆنسووڵی گشتی و ستافی كۆنسووڵگەرییەكان و بەرپرسانی ژمارەیەك لە دامەزراوەكانی ئیداری و حكوومی و ئەكادیمی و كەسانی خاوەنكار و بازرگانان و ڕاگەیاندكارانی ناوخۆیی و بیانی بازاڕی دۆستایەتی دیپلۆماسی كرایەوە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و كوردی وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاس و ستاییشی كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك و هاوسەرەكەی كرد، كە بە هەوڵی ئەوان ئەم بازاڕە بۆ گەشەپێدانی دۆستایەتیی دیپلۆماسی و كەلتووری لە نێوان كۆنسوڵگەرییەكان و ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرایەوە.
هاوكات، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتەكەیدا باسی گرنگیی كردنەوەی بازاڕی دۆستایەتیی دیپلۆماسی كرد، كە بۆ یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان جێبەجی دەكرێت و دەستخۆشی لە كۆنسووڵی گشتیی كۆماری چیك و پشتگیریی هەموو هەوڵێكی هاوشێوەی كۆنسووڵگەرییەكانی گشتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان كرد لە بوارە جیاجیاكاندا، كە خزمەت بە گەشەپێدانی دۆستایەتیی سیاسی و دیپلۆماسی و كەلتووری و لە چەندین بواری تری جێی بایەخی وڵاتەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات بۆ ئاشنابوون بە كەلتوور و شارستانیەت و ڕەسەنایەتی و پێشكەوتنەكانی گەلان لە ڕیگەی پێشاندانی كاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی و كاری دەستی، كە دەكرێت لە دەرەوە كوردستانیش وەك براندێكی جیهانی سەیر بكریت و بتوانێ كاڵاكانی لە بازاڕ و پێشانگا جیهانییەكان نمایش بكات.
شیاوی ئاماژەیە، بەرپرسی دێسكی ئەورووپای پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمیر جەرگیس،ئامادە بوو و بە جیا چاوی كەوت بە كۆنسووڵی گشتیی وڵاتانی چیك، ئەرمینیا، یۆنان، ڕۆمانیا، ڕووسیا، كۆنسوڵی فەخریی سریلانكا و چەندین كۆنسووڵ و میوانی بیانی و پەرپرسانی ژمارەیەك لە دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێم كە لەم پێشانگایەدا بەشدار بوون.




