٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاری ئەحمەد: پلانی نوێ بۆ دابەشکردنی ئاو دەگرینە بەر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- تا ئاوی خواردنەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگە لە بەھەدەردانی ئاو بگیرێت، پلانێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی ئاو دەگیرێتە بەر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانیش دەڵێت، کاتەکانی دابەشکردنی ئاو گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەت ڕێژەیەکی زۆری ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکات، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو ئاوەی لەلایەن حکوومەتەوە بەرھەم دێت لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بەھەدەر دەدرێت، لەبەر ئەوەش، بۆ ڕێگریکردن لە بەھەدەردانی ئاوی پاک، پلانێکی دیکە دەگرینە بەر، ئەویش کەمکردنەوەی کاتی بەردانی ئاوە، واتە بە گوێرەی پێویستیی ھاووڵاتییان ئاو دەبێت، ئەگەر لە شوێنێک ٢٤ کاتژمێر ئاوی ھەبێت کەم دەکرێتەوە بۆ چەند کاتژمێرێک."

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو گوتیشی: "لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دابەشکردنی ئاو گۆڕانکاریی بەسەر دێت، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو ڕاسپێردراون بە سیستەمی نوێ ئاو دابەش بکرێت، چونکە ئێمە پێداچوونەوەمان بە ڕەوشی ئاودا کردووە و بۆمان دەرکەوتووە بەشێکی ئەو ئاوەی بەفیڕۆ دەدرێت بەھۆی زۆربوونی کاتژمێرەکانی ئاوە."

ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "لەمەودوا ھەر ڕۆژێک نا ڕۆژێک ئاو دابەش دەکرێت و بۆ چەند کاتژمێرێک، جگە لەوەی سامانێکی گشتی و نیشتمانی بەھەدەر دەدرێت بارگرانی بۆ ئەوانەی پێشتر پێوەریان گرێ داوە دروست کردووە و پارەیەکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر پلانی نوێ جێبەجێ بکرێت ئەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بەھەدەردانی ئاو."

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار