"شەقامێكی بازنەیی ٦٠مەتری لە سۆران دروست دەكرێت"

سۆران-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی شارۆچكەی سۆران رایگەیاند، بڕیارە ھاوشێوەی پارێزگای ھەولێر، لە قەزای سۆران شەقامێكی ٦٠مەتریی بازنەیی دروست بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی پارێزگاكە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان، بۆ ئەوەی شەقامەكە دروست بكرێت، ئەمەش یەكەم قەزایە كە شەقامی لەو جۆرەی لێ دروست بكرێت.
كاوە نەجم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماستەرپلانی خۆماندا دروستكردنی شەقامێكی بازنەیی بە دەوری قەزای سۆراندا هەیە، كە شەقامی ٦٠مەتری پێ دەڵێن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆمان كردووە و داواشمان كردووە، ئێستاش لە قۆناغی رێكارەكانداین و چاوەڕێی وەڵامی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانین، بۆ ئەوەی لە پلانی خۆیانی دابنێن و پارەمان بۆ تەرخان بكەن".
ناوبراو گوتیشی، شەقامەكە خۆی ٦٠مەترییە و تێچووەكەشی بەپێی پڕۆژەكە دەبێت، كە بە چ شێوەیەك دروست دەكرێت و ئەگەر بە شێوەیەكی باش دروست بكرێت، رەنگە سەرووی ٢٠ملیار دیناری پێویست بێت، بۆیە گەر دەست بە دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە بكرێت، گرنگییەكی زۆری بۆ قەزای سۆران دەبێت، ئەمەش یەكەم قەزا دەبێت كە شەقامی بازنەیی بۆ دروست بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




