٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیار تەیب: سێ لیژنە لە نێوان ھەرێم و بەغدا پێک ھاتوون

سەرچاوە: KDP.info

بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و یەکلاکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان سێ لیژنە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ پێک ھاتوون و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت، لیژنەکان کار بۆ ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستانەوە دەکەن.

دیار تەیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سێ لیژنە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدڕاڵیدا پێک ھاتوون، ئەو لیژنانە لە نێوان وەزارەتی داراییی ھەردوو لا و سامانە سرووشتییەکان و دیوانی چاودێریی داراییی ھەرێم و بەغدا پێک هێنراون بە مەبەستی وردەکاریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەردوولا.

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بڕیارە دوو شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، ئەویش شاندێکی ھونەری و شاندێکی حکوومەت. مەبەست لەو سەردانە جێبەجێکردنی ھەردوو ماددەی ١٠ و ١١ی یاسای بوودجەی گشتیی عێراقە کە تایبەتن بە پشکی ھەرێمی کوردستان."

دیار تەیب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەردوو حکوومەت ڕەزامەندن لەسەر ئەوەی یاسای بوودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و پابەندبوونی خۆیان بە یاسای بوودجە ڕاگەیاندووە، بەڵام دەمێنێتەوە سەر وردەکاریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستانەوە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار