"شۆڕشی گوڵان دەنگ و ڕەنگی گەلێكی چەوساوەیە"

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ، بە گرنگییەوە باس لە قۆناغە مێژووییەكانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازی ساڵی (1976) و ئەو دەستكەوت و ئامانجانە دەكات، كە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بەدیهات و دەڵێت، دەستپێكردن و سەرهەڵدانی شۆڕشەكە لە كاتێكدا بوو، كە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد لەو قۆناغە مێژووییەدا لەلایەن زلهێزەكانەوە گەمارۆ درابوو، بەڵام شۆڕشی گوڵان بوو بە داینەمۆ و سەرپێخستنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد.
د. عومەر ڕەنگێنەیی، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەڵگیرساندن و دەستپێكردنی شۆڕشی گوڵان، بەرەنجام و بەرمەبنای ئەو گەلەكۆمە نێودەوڵەتی و ناوچەییە بوو، كە لەو قۆناغە مێژووییەدا، وڵاتانی زلهێز نەخشەیان بۆ كێشابوو، كە بە ڕوونی بریتی بوو لە سەركوتكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد و لەباربردنی ئەو دەستكەوتانەی كە لە شۆڕشەكانی ڕابردوو بە تایبەت شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە ساڵی 1961 بەدەست هاتبوون. یەكێكی تر لە پیلانەكان، لێدان و لەناوبرنی كەسایەتییەكان بوو، بارزانیی نەمر زۆر جوان بیری كردەوە و بەپێی واقعی باوی سەردەم پلانی دانا بۆ ئەوەی ماوەیەك بێدەنگی لێ بكات و تاوەكو بە شێوەیەكی باشتر و تەنانەت لە ڕووی سەربازییەوە خۆیان ڕێك بخەنەوە، بۆ ئەوەی بە گوڕوتینەوە دووبارە بڕیاری هەڵگیرساندنی شوڕش بدەنەوە، كە خۆشبەختانە توانرا بە حیكمەت و دانایی مستەفا بارزانی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لەو گۆشەگیرییە ڕزگار بكرێت و ناو و ناسنامە و خەباتی گەلی كورد بۆ قوناغەكانی داهاتوو درێژەی پێ بدرێت".
ڕەنگێنەیی گوتیشی: "دروستبوونی بەرەی كوردستانی و كاركردن بۆ وەدەرنانی بەعس و دواتر ڕاپەڕینی 1991ی گەلی كوردستان و لەدایكبوونی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی حكوومەت، لە گرنگترین ئەو ئامانج دەستكەوتانە بوو كە شۆڕشی ئازادیخوازی گوڵان بۆ ئێمە فەراهەمی كرد، بۆیە دەبێت نەوەی ئێستا و داهاتوو شانازی پێوە بكات كە بەداخەوە زۆر جار ململانێ ناوخۆییەكان دەگەنە ئاستێك خەریكە ڕۆحیەتێك دروست بێت كە نەوەیەك پەروەردە ببێت بێ موبالات بێ و لای گرنگ نەبێت چی لە مێژووی نەتەوەكەیدا ڕووی داوە".
دەشڵێت: "پێویستە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەكان، كار بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەو ئامانجانە بكەن، كە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو گەلی كورد قوربانیی بۆ داوە، بمانەوێت و نامەنەوێت ئێستا قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان مەترسی لەسەرە، دەزگا ئەمنی و موخابەراتییەكانی ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێ كار بۆ تێكدان و نەهێشتی ئەو گیانی پێكەوەژیان و ئارامییە دەكەن، كە ئَێمە هەمانە، بۆیە پێویستە بە ورییایەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، چونكە تەنها شانازییەك هەمانبێ، ئەم كیان و قەوارە سیاسییەیە كە هەمانە، كە پاراستنیشی تەنها بە یەكڕیزیی نێوخۆ و سەرپێخستنەوەی دامەزراوەكان دەبێت".
ئەرسەلان ئەحمەد




