پەیامی پیرۆزبایی د. هێمن هەورامی لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە بۆنەی (45)ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بە بۆنەی (45)ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خەڵكی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم.
شۆڕشی گوڵان، درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، كە ڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی سەركێشیی دەكرد و رۆڵەكانی هەموو ناوچەكانی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و بووە سەرەتای وەدیهاتنی مافەكانی خەڵك و چەسپاندنیان و ناساندنیان بە هەموو جیهان.
لە دوای گەلەكۆمەی وڵاتان لە شۆڕش، خەباتكاران نەیانهێشت جارێكی دیكە خەونە نەزۆكەكانی دوژمنان بەدی بێت و دڕیان بە تاریكیدا، لە چیاكانەوە مەشخەڵی شۆڕشیان هەڵگیرساند و دڵی هەموو كوردستانییەك و ئازادیخوازێكی جیهانیان ئاسوودە كرد.
سەرۆك بارزانی و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد و هەموو پێشمەرگە و سەركردەكانی شۆڕش، جارێكی دیكە دووپاتیان كردەوە كە هەرگیز و بۆ هیچ هێزێك ناچەمێنەوە و ئامانج و خەباتیشیان بۆ بەدیهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان ناپسێتەوە.
داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم، بە گیانی تەبایی و برایەتی لە یەك نزیك ببنەوە و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكان، هاوشێوەی كۆتاییەكانی شۆڕشی گوڵان كە هەموو هێزەكان لە یەكدی نزیك بوونەوە و بەرەی كوردستانییان پێك هێنا و دەسكەوتی مەزنی ئێستای خەڵكی كوردستانی لێكەوتەوە.
دووبارە ئەو یادە لە هەموو شۆڕشگێر و ئازادیخوازان پیرۆز دەكەمەوە و سەری ڕێزیش بۆ گیانی هەموو ئەو قارەمانانە دادەنەوێنم، كە گیانی خۆیان بەخت كرد و نەیانهێشت خەباتی خەڵكی كوردستان بوەستێت و بە ئامانجی وەدیهاتنی مافەكانی خەڵكی كوردستان، شەهید بوون.
د.هێمن هەورامی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
2021/5/26




