فراكسیۆنی پارتی: بانگهێشتكردنی حكوومەت، بۆ روونكردنەوەیە لەبارەی سەرچاوەكانی داھات

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو یاداشتەی ئامادە كراوە بۆ ئەوەی حكوومەت بێتە پەرلەمان، لەسەر یەك پرس نییە، بەڵكو لەسەر تەواوی ئەو سەرچاوانەیە كە دەبنە داھاتی ھەرێمی كوردستان، بۆیە چاوەڕێ دەكەین حكوومەت وەڵام بداتەوە و بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە لەبارەی ھەموو پرسەكانەوە بدات.
پێشەوا ھەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو یاداشتەی كە واژۆ كرا بۆ ئەوەی ئاراستەی حكوومەت بكرێت و بێتە پەرلەمانی كوردستان، ٤١ ئەندامی ئێمە واژۆی لەسەر كردووە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان یاداشتەكە بۆ حكوومەت رەوانە دەكات، كە یاداشتەكە گەیشتە حكوومەت، ئەو كات وەڵامی پەرلەمانی كوردستان دەدەنەوە، بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان و ڕوونكردنەوەی پێویست بدەن".
هەورامی گوتیشی: "دەمانەوێت حكوومەت ڕوونكردنەوە لەسەر تەواوی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە داھات بداتەوە، وەكو سەرچاوەكانی داھات و دەروازە سنوورییەكان و لەسەر نەوت و قاچاغی و ئەو ھۆكارانەی سەرچاوەی داھاتن بۆ ھەرێمی كوردستان، جگە لەوەش لێبڕینی مووچە كە تا ئێستا بەردەوامە".
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ڕوونیشی كردەوە: "ھۆكاری ئەوەی تاوەكو ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێبڕینی مووچە بەردەوامە، ئەوەیە تاوەكو ئێستا لە سنووری سلێمانی لە خاڵە سنوورییەكان داھات بۆ حكوومەت نەگەڕاوەتەوە و ھۆكاری دواكەوتنی دروستكردنی ھێزیش بۆ خاڵە سنوورییەكان، ھەر ئەوەیە كە لەو سنورە رێگری دەكرێت ھێز بۆ خاڵی سنووری بچێت، ئەگەر نا كێشە بۆ دروستكردنی ھێز بۆ خاڵە سنوورییەكان نییە".
بڵند ئیبراهیم




