په‌رله‌مان و حکوومەت حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و خۆكوشتن و توندوتیژیی خێزانی و دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌عات 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌مه 2021/5/25، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نەبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (14)ى ئاساییی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان مونا نەبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌ر له ده‌ستكردن به به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى په‌رله‌مان به‌پێی خاڵی په‌یڕه‌وی، باسیان له لێبڕینی مووچه و داهاته‌كان و خاڵه سنوورییه‌كان كرد و داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه كرد و لای خۆشییه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرد كه هه‌رئێستا له‌ناو هۆڵی كووبوونه‌وه یادداشتێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش یادداشته‌كه‌یان ئاماده كرد.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه بریتی بوو له خستنەڕووی بیرۆكەی بەڕێز پەرلەمانتار عەبدولستار مەجید قادر سه‌باره‌ت بە دۆزینەوەی هەلی كار لە ڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان، به‌ڵام به‌هۆی گه‌شتكردنی به‌ڕێزیان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئاماده‌نه‌بوونی له دانیشتنه‌كه بۆ كاتێكى تر دوا خرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ى كاریش كه بریتی بوو له خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی دیاردەی تاوانەكانی كوشتن بە گشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن، كه هه‌ریه‌ك له وه‌زیرانی ''ناوخۆ، ڕ‌ۆشنبیرى و لاوان، كار و كاروبارى كۆموڵایه‌تی، ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی'' و ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجومه‌نى باڵای خانمان ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له مافى ئافره‌ت، ڕاپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش كه پێك هاتبوو له لیژنه‌كانى ''كاروبارى یاسایی، كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ، داكۆكیكردن له مافی ئافره‌ت، ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌كان، ڕ‌ۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان''، سه‌باره‌ت به حاڵه‌ته‌كانى كوشتن بە گشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن، خوێندرایه‌وه و تێیدا ئاماژه‌یان به هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان و حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له هێنانه‌دیى ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییان به گشتی و مافه‌كانی ئافره‌ت به تایبه‌تى و نه‌هێشتنی حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و خۆكوشتن و ڕۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك نوێنه‌رى گه‌لی كوردستان له ڕێگه‌ی داڕشتنى یاساكان و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه كردووه.
هه‌ر له ڕاپۆرته‌كه‌دا باسیان له‌و پێشێلكارییانه كرد كه به‌رانبه‌ر به تاكه‌كان و ئافره‌تان ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له چه‌ند خاڵێكدا داواى ڕوونكردنه‌وه‌یان له وه‌زیرانی ئاماده‌بوو له دانیشتنه‌كه كرد سه‌باره‌ت به هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی تاوانه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن و دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن و توندوتیژیی خێزانى، هه‌روه‌ها له ڕووی یاسایییه‌وه هیچ كه‌لێنێكی یاسایی هه‌یه كه وای كردبێت نه‌توانن وه‌كوو پێویست ڕۆڵی خۆیان له‌و ڕووه‌وە بگێڕن، یاخود گرفت هه‌یه له جێبه‌جێكردنی یاساكان و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوانه چین كه وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان ناویانه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه و دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن و پلانه‌كانیان چییه بۆ داهاتوو، هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان چییه له‌و بارەیه‌وه.
پاشان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سرنج و تێبینیی خۆیان سه‌باره‌ت به ڕاپۆرته‌كه و حاڵه‌ته‌كانی كوشتن و كوشتنی ئافرەتان و خۆكوشتن و توندوتیژیى خێزانی و دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن و هۆكاره‌كانی هه‌ڵكشانى ئه‌و حاڵه‌تانه‌یان خسته‌ڕوو و جه‌ختیان له سه‌روه‌ربوونی یاسا و نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن كرده‌وه و چه‌ندین پێشنیازیشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و حاڵه‌ت و كێشانه خسته ڕوو كه ده‌بنه هۆكار بۆ ڕوودانی ئه‌و حاڵه‌تانه و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی ستافی حکوومەت كرد.
هه‌ریه‌ك له وه‌زیرانی ناوخۆ و ڕ‌ۆشنبیرى و لاوان و كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی و ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجومه‌نى باڵای خانمان، په‌یوه‌ست به‌و كار و ئه‌ركانه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانیان و ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه، ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستیان له‌سه‌ر سرنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و كار و پلانه‌كانیشیان بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه خسته ڕوو و وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌یان كرابوو.
به‌م جۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتاییى به دانیشتنه‌كه هێنا.




