٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''کوردستان پلەیەکی سیاسیی نوێ وەردەگرێت ''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە لەنێو فەوزای جەنگ و کۆمەڵێک ململانێ و ناکۆکیی سیاسیی جیهانیدا توانیویەتی لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و وەبەرهێنانەوە گەشە بکات و ببێت بە ناوەندێکی دیپلۆماسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، سیاسەتمەدارانی دنیا هەوڵیر وەک ژوورێکی گەورەی دیپلۆماسی لە جیهاندا تەماشا دەکەن.

د. ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراقدا گوتی: ''هەرێمی کوردستان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی جیۆسیاسییەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە، سرووشتی هەرێمی کوردستان وایە کە ناوچەیەکی گواستنەوەی گرنگە، لەم دوایییانەشدا هەرێمی کوردستان توانیویەتی پەیوەندییەکی فراوان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهاندا ببەستێت، هەروەها گرنگییەکی گەورەشی هەیە لە ڕووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە، بۆیەش سەرکردەکانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی ڕووی تێ دەکەن و بووەتە شوێنی دیپلۆماسیی ناوچەکە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، وەک کاراکتەرێکی سیاسیی بەهێز لە عێراق و ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک ژمارەیەکی بەهێز بێت لە سەقامگێریی سیاسی و ئابووریدا، لەمەشدا چەندین جووڵەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەست پێ کردووە و توانیویەتی لە عێراقدا پەیوەندییەکانی کورد بەهێز بکات. لەم بارەیەوە د. ئیحسان شەمەری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەولێر و بەغدا لە چەرخی زێڕیندان لە ئاساییکردنەوە و هەماهەنگیکردن لە نێوان هەردوو لادا  کەشێکی ئارام و متمانەپێکراو لە زۆر لایەن و بوارەوە هەیە."

دوای ١٢ ساڵ لە ڕاوەستانی هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوور، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جاریکی تر ئەو مەلەفەی کردەوە و دەیەوێت چیی تر ئەم قەوارە دەستوورییە بێ دەستوور نەمێنێت و بەرگێکی دەستووری بۆ دامەزاروەکانی هەرێمی کوردستان دابپۆشێت و وەڵاتە جیهانییەکان لەگەڵ هەرێمێکی دەستووری مامەڵە بکەن. لەو بارەیەشەوە. ئەم پسپۆڕەی هزری سیاسی پێی وایە، ''ئێستا کوردستان بەرەو دانانی دەستوورێک دەچێت، ئەمە حەقی خۆیەتی و لە دەستووری عێراقیشدا حەقی پێ دراوە، بە دانانی دەستوورێک هەرێمی کوردستان پلەیەکی نوێی سیاسیی جیهانی وەردەگرێت و دەبێتە قۆناغیکی نوێ لە ژیانی سیاسیی کورددا."

حکوومەتی هەریمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە دانوستاندان بۆ درووستکردنەوەی هێزێکی هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. د، ئیحسان شەمەری گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ زیاتر هاوئاهەنگ و هاوکاری یەکتر بن و ژوورێکی هاوبەش درووست بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بۆشاییی ئەمنی لەو ناوچانەدا درووست نەبێت و ئەم پەیوەندییە سیاسییەی لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، تێک نەچێت.''

 

کــاروان بــاعەدری


 

هەواڵی پەیوەندیدار