پرۆسەی خوێندن زۆر بەباشی بەرێوە دەچێت و ھەوڵی چارەکردنی کێشەی فێنککەرەوە دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر دەڵێ، پڕۆسەی خوێندن تا ئێستا بێ گرفت لە ڕووی تەندرووستی بەڕێوە دەچێت و، قوتابخانەکان زۆر بەباشی پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزین، بەڵام گرفتی فێنککەرەوەمان ھەیە و ئەویش حکومەت لە ھەوڵدایە ئەو کێشەیەش چارە بکات، چونکە یەکەم ساڵە تووشی ئەو گرفتە دەبین و ساڵانی ڕابردوو پێش ھاتنی گەرما خوێندن تەواو دەبوو.
دلێر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە قوتابخانەمان زۆرە و قوتابخانە ھەیە ١٠بۆ ٢٠پۆل دەوام دەکات، پێشتر ھیچ ساڵێ پێویستمان بە فێنککەرەوە نەبوو، تەنیا لە سنووری ئێمە ٣٦٠ قوتابخانەمان ھەیە، ھەر یەک١٠پۆلی ھەبێت، پێویستمان بە ٣ھەزار و٦٠٠ فێنککەرەوە ھەیە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە لەوکاتە دابین بکرێت، ئێمە کۆمەڵێکمان وەرگرتووە و دابەشمان کردووە، ئێستاش لەرێگەی کۆمپانیا گەورەکان ھەوڵی دابینکردنی زیاتر دەدەین، بۆیە لە ھەوڵی جدی داین بۆ قوتابخانەکان فێنککەرەوە دابین بکەین، لەگەڵ وەزارەت و پارێزگا و کۆمپانیاکان ھەوڵی بەردەوام دەدەین و، دوێنێ کۆمپانیای کار١٥٠فێنککەرەوەی بۆ دابین کردووین".
دلێر عەبدولخالق گوتیشی: "ساڵانی ڕابردوو لە مانگی پێنج دەوام تەواو دەبوو و ئیشمان بە فێنککەرەوە نەبوو، تەنیا بۆ تاقیکردنەوەی وەزاری نەبێت، ئەویش ھەر قوتابخانەیەک چەند دانەیەکی ھەبوو کێشە درووست نەدەبوو، بەڵام ئەمە حاڵەتێکی نوێیە و سەرژمێریەک کراوە لە ھەرێمی کوردستان ٨٠ھەزار پۆل ھەیە، کە پێویستی بە٨٠ھەزار فێنککەرەوە ھەیە، ئەمەش دابینکردنی بەیەک جار قورسە".
گوتیشی: "لە ٢٢/٦تاقیکردنەوە دەست پێدەکات و تا ٢٩/٦بەردەوام دەبێت، جگە لەوە گرفتی کارەباش ھەیە و قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەبا کردووە ئەو کێشەیە چارە بکرێت، چونکە کە گەرما دێت خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت، ئەمەش وا دەکات سەعاتەکانی کارەبا کەمبێتەوە".
بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی ھەولێر باسی لەوەشکرد، لەڕووی تەندروستی گرفتمان نییە و ئەوەی لەناو کۆمەڵگا ھەیە لەناو ئێمە نییە و ئەوەی ھەشە کاریگەری کۆمەڵگایە، چونکە لە قوتابخانەکان لە ھەموو شوێنێک زیاتر خۆپارێزی ھەیە وەکو ماسک و رێکارەکانی دیکە، بۆیە رێژەی تووشبوون بەو جۆرە نییە باسیشی بکەین، بۆیە پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت تا تەواو دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




