دەست بە لێدانی ڤاکسین بۆ ئاوارەکان دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ دەست بە لێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ ئاوارەکان دەکرێت و، لەیەکەم وەجبەدا ڤاکسین بۆ ١٥ھەزار ئاوارە دادەنرێت.
ھۆشەنگ محەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ سەعات پێنجی ئێوارە لە کەمپی گوێڕ، دەست بە لێدانی ڤاکسین بۆ ئاوارەکان دەکرێت، کە مانگی سووری ئیماراتی ڤاکسینی بۆ ئاوارەکان دابین کردووە و، ئەمڕۆ وەجبەی یەکەم دەبێت" .
بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "بڕیارە وەجبەی یەکەم ڤاکسین بۆ ١٥ھەزار ئاوارە دابنرێت و، دواتر ھەر جارە و وەجبەیەک رەوانە دەکرێت، تا ڤاکسین بۆ ھەموو ئاوارەکان دادەنرێت، بۆیە پڕۆسەی لێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ ئاوارەکان بەردەوام دەبێت و تەنیا یەک وەجبە نابێت".
گوتیشی: "مانگی سووری ئیماراتی بڕیاری داوە، دابین کردنی ڤاکسین بۆ ئاوارەکان لە ئەستۆ بگرێت".
بڵند ئیبراھیم




