٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەدی حاجی مەحموود: هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info- لە میانەی وێبناری هەفتانەی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، باسی لە ژمارەیەك تەوەری گرینگ و دوایین ڕووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق کرد.

لە وێبینارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری کادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پارتیمان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئامادە بوون، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی بە مێژوویی وێناکرد، کە نزیکەی ٩٣٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. گوتیشی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەوەی بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان وەدەست هاتبوو درایە دەست بەغدا و، دۆزی کوردی ١٠٠ ساڵ بەرەو دواوە گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر هاتوو چەند ڕۆژێك لە کەرکوك شەڕ بکرابایە، ئەوا وڵاتانی جیهان دەهاتنە دەنگ و شەڕەکەیان ڕادەگرت، هەروەك چۆن لە دوای شەڕەکانی پردێ و سنووری سوریا، کاتێ هێزەکانی پێشمەرگە سوپای عێراقیان شکاند، ئەمەریکا هاتە سەر خەت و داوای ڕاگرتنی شەڕەکەی کرد.

لە لایەکی دیکەوە نەیشاردەوە، کەوا تابووری پێنجەم لە نێو کورددا بوونی هەیە، نموونەشی بەوە هێنایەوە، کە بینییان چۆن کەسانێك بە دوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێن.

هەر لە درێژەی وێبنارەکەدا محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: "عێراق ناتوانێ هیچ بڕیارێکی سیاسی بدات، دەستوور پێشێل دەکات، وە نەیتوانیوە باڵانسی حوکمڕانی لە نێوان پێکهاتەکان ڕابگرێت".

سەبارەت بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستانیش، ناوبراو نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستانی بە گرینگ زانی و گوتی: "بە بێ دەستوور هەرێمی کوردستان ناتوانێ زۆرێك لە بەرژەوەندی و مافەکانی خۆی جێگیر بکات".

ئەو لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە کە لە لایەن خەڵکەوە بێ و بە گرینگیشی دەزانێ کە دەستوەر سنووری هەرێمی کوردستان دیاری بکات.

محەمەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەشدا، کەوا لەگەڵ هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەن، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، وە کارتی بەهێزی هەیە  و دەتوانێ بەکاریان بێنێت.

هەروەها ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانیشی بە باش وەسفکرد و هیوای خواست کە تواناکانی ڕەوەندی کوردستانی، بە شێوازێکی باشتر ڕێکبخرێت، بۆ ئەوەی بتوانێ کاریگەری باشتر درووست بکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار