"داوادەکەن کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵکی عەنکاوە چارەسەر بکرێت"

عەنکاوە -KDP.info- بەھۆی تایبەتمەندیی شارەدێی عەنکاوە زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێکھاتەی کریستیانن و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، داوایان کردووە حکوومەت کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵکی عەنکاوە چارەسەر بکات.
ڕامی نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا کێشەی سەرەکیی خەڵکی شارەدێی عەنکاوە نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونە، بەتایبەتی ئەو گەنج و لاوانەی چوونەتە نێو پرۆسەی ھاوسەرگیری و ھیچ شوێنێکی نیشتەجێبوونیان نییە و پێویستە حکوومەت کار بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کریستیانەکانی عەنکاوە بکات".
بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە گوتی: "لە ھەرچوار لاوە شارەدێی عەنکاوە شوێنی نیشتەجێبوونی نەماوە و دوای سنووری شارەوانیی عەنکاوە سنووری شارەوانیی ھەولێرە، تەنیا زەویی بەتاڵ ٤٦٠ دۆنم ماوە، ئەویش ھی توێژینەوەی کشتوکاڵە و داوامان کردووە بکرێتە نیشتەجێبوون، چونکە بنکەی توێژینەوەی کشتوکاڵی کەوتووەتە نێو سنووری عەنکاوە."
ڕامی نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد؛ "کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵکی عەنکاوەمان گەیاندووەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئومێدمان زۆرە حکوومەتی ھەرێم تایبەتمەندیی خەڵکی عەنکاوە لەبەرچاو بگرێت بۆ درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، یان تەرخانکردنی زەوی."
قائید میرۆ




