"بڕیارە ٢٣ ھەزار کارتی بایۆمەتریی ئاوارەکان بگەڕێتەوە دھۆک"

دهۆک -PDK.info- بڕیارە ٢٣ ھەزار کارتی دەنگدەرانی ئاوارەکان بگەڕێتەوە بۆ پارێزگای دھۆک و بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێت، تا پێش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەنگدەر مافی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتریی ھەیە.
خالید دۆسکی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای کۆتاییھاتنی وادەی پرۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەران ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە و کارتی بایۆمەترییان بۆ نەگەڕاوەتەوە، بڕیارە ھەموو ئەو دەنگدەرانەی بەشدارییان لە بایۆمەتری کردووە کارتی نوێی دەنگدانیان بگەڕێتەوە و پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن کارتەکان دەگەنە ئۆفیسی کۆمسیۆن لە پارێزگاکان."
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ٢٣ ھەزار کارتی بایۆمەتریی دەنگدەرانی ئاوارە بگەڕێتەوە پارێزگای دھۆک و بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکرێن."
خالید دۆسکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەرجەمی ٩٠ ھەزار دەنگدەری ئاوارە ئەوانەی بەشدارییان لە بایۆمەتری کردووە تەنیا ئەو ٢٣ ھەزار کارتە ماون بگەڕێنەوە، چونکە بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانە بە کارتی کۆن ھیچ ئاوارەیەک مافی دەنگدانی نابێت و تەنیا کار بە کارتی دوورمەودا دەکرێت، ئەوەی ئێستا دابەش دەکرێت."
قائید میرۆ




