٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی: ئامانجمانە ئەمساڵ ٢٠%ی خەڵك ڤاكسین وەربگرن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، تا ئێستا ٢.٢%ی خەڵك ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئامانجیشمانە تا كۆتایی ساڵ ٢٠%ی خەڵكی كوردستان ڤاكسین وەربگرن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد زویتن، بەرپرسی رێكخراوی تەندروستیی جیھانی لە عێراق، گوتی: "پێكەوە كۆمەڵێك تەوەرمان باس كرد لەسەر رەوشی تەندروستی و سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ رێكخراوی تەندروستیی جیھانی ھەیە، كە ساڵ و نیوێكی رابردوو رۆڵێكی گەورەیان بینیوە لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم و دانانی ئۆفیس لە ناو وەزارەت، كە كارەكانی وەزارەت بە شێوەی زانستی بەڕێوە دەچن و ئەوانیش رۆڵیان ھەبوو لە قایلكردنی كۆنسووڵخانەكان بۆ دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی".

لای خۆشیەوە، دكتۆر ئەحمەد زویتن بەرپرسی رێكخراوی تەندروستیی جیھانی لە عێراق رایگەیاند: "من سوپاسی سەرۆكوەزیران و وەزیری تەندروستی و سەرجەم ھاووڵاتیان لە ھەرێمی كوردستان دەكەم بۆ پێكەوەكاركردن لەو ماوە قورسەدا، كە سالێك زیاترە ئەم پەتایە سەری ھەڵداوە و كەرتی تەندروستی لە ھەرێم و عێراق و جیھان، قورسیی زۆری خستە بەردەمیان و سوپاس بۆ خودا ھاوھەنگی بەردەوام ھەبوو لە بەھێزتركردنی تاقیگەكان بۆ شیكردنەوەی كۆرۆنا و لە یەكەم رۆژیشەوە پەیوەندیمان ھەبوو، هەروەها ھاوھەنگیی زیاتر دەبێت لە ھەموو بوارەكان و سوپاسی ھەموو تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە شەو و رۆژ كاریان كردووە بۆ رزگاركردنی خەڵك و بەردەوامن لە كارە پیرۆزەكەیان".

ھەر لەمبارەیەوە، وەزیری تەندروستی گوتی: "دوو پەیامم ھەبوو، یەكەم خۆپارێزی، كە پێویستە ھەموومان پاڵپشتی رێكارە تەندروستییەكان و خۆپارێزی بكەین و دوور كەوینەوە لە یەكتر و ماسك ببەستین، بیرمان بێت، ئەگەر ژمارەكانیش كەم ببنەوە، مانای نەمانی كۆرۆنا نییە، چونكە لە جیهاندا بوونی ھەیە، بۆیە پێویستە خەڵك و شوێنە گشتییەكان پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن، بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر نەخۆشییەكەدا".

دكتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "تا ئێستا لە ھەرێم ١٦٤ھەزا و٣٠٠ ژەمی ڤاكسین گەیشتووە و ١٠٠ھەزار بە ھاووڵاتیان دراوە و بێدانی ڤاكسینیش بەردەوامە و هاووڵاتیان دەتوانن بە سیستەمی ئۆنڵاین خۆیان تۆمار بكەن، كە كەمتر لە خولەكێكی دەوێت بۆ خۆتۆماركرن و تا ئێستاش ٢.٢%ی خەڵك ڤاكسینیان وەرگرتووە و ئومێدمان وایە زیاتر وەربگرن و ئامانجمانە رێژەكە بگاتە ٢٠% بۆ ئەمساڵ و هەروەها بۆ ساڵی داھاتوو بگاتە ٥٠% وەكو جیھان".

دەشڵێ: "دواپەیامم بۆ رێكخراوەكانی یوئێن و نێودەوڵەتییەكان ئەوەیە، دەتوانن ڤاكسینمان بۆ دابین بكەن و بۆ ھەموو رێكارێكیش ھاوكار دەبین، كە چەند كۆمپانیایەك لە بواری نەت و گاز بەڵێنیان داوە ڤاكسینمان بۆ دابین بكەن و ئیماراتیش ڤاكسینی بۆ دابین كردووینە و بڕیارە سبەی بۆ ئاوارەكان بەكاری بێنین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار