زیاتر لە ٩٢٧ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی كوردستان ھەن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە فەرمانگەی ھەماھەنگی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، بەپێی دوایین ئامار، لە ئێستادا لە ھەرێمی كوردستان ٩٢٧ھەزار و ٨١٣ ئاوارە و پەنابەر ھەن، كە زۆرینەیان لە ھەولێر دەژین.
عەلی عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا لە ھەرێمی كوردستان ٩٢٧ھەزار و ٨١٣ ئاوارە و پەنابەر هەن، كە لەو ژمارەیە ٦٦٥ھەزار و ٨٢٨ ئاوارەی ناوخۆیین و ٢٤١ھەزار و ٧٤٩ پەنابەریش سوورین و نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.
عیسا گوتیشی، هەرێمی كوردستان هەروەها ھەشت ھەزار و ٧٠١ پەنابەری توركی و ١٠ھەزار و ٧٠٦ پەنابەری ئێرانی و ٧٤٦ پەنابەری فەلەستینی و ٨٣ پەنابەری جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، لە ھەرێمی كوردستان ٣٦كەمپ ھەن و تەنھا ٣٠%ی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە لەناو كەمپەكان دەژین و ٧٠%ی لە دەرەوەی كەمپەكانن.
دەشڵێ، ئاوارە و پەنابەرەكانیش بەو شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون، ٤١% لە ھەولێر و ٤٠% لە دھۆك و ١٩%یش لە سلێمانی نیشتەجێن.
ڕوونیشی كردەوە، ھەر ئەمساڵ ٤ھەزار و ٤٨٨ ئاوارەی دیكە و هەروەها ٢ھەزار و ٢٢٧ پەنابەری سووریش ھاتوون بۆ ھەرێمی كوردستان.
بڵند ئیبراھیم




