٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاڵەبانی بۆ KDP: دروستكردنی ژووری ھاوبەش لە كەركووك دەستپێكێكی باشە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، دروستكردنی ژووری ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە كەركووك، دەستپێكێكی باشە بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەو ماوەیە لەو ناوچانەدا ڕوویان داوە، بتواندرێت بە ھاوبەشی چارە بكرێن و كورد بگەڕێتەوە كەركووك.

رێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دروستكردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی بە ھاوبەشی لە نێوان پێشمەرگە و سوپا، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستانە، چونكە لەو ماوەیەدا بە ھۆی بۆشایی ئەمنییەوە كردەوەی زۆر ئەنجام درا كە نزیك بوو لە سنوورەكانی ھەرێم، هەروەها حكوومەتی عێراق و گرووپەكانی حەشدی شەعبیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە، بۆیە دەیانەوێت ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بكەن، بۆ ئەوەی ھاوكاریان بن و چارەسەری كێشەكان بكەن.

تاڵەبانی گوتیشی: "ئەمە سەرەتایەكە بۆ گەڕانەوەی كورد و ئاوارەكانیش، چونكە ئەمە كێشەیەكی سیاسییە و حكوومەتی عێراقیش دانی پێدا دەنێت، بۆیە پێویستە بەپێی دەستوور چارەسەری بكەن و ئێمەش وەكو ئەنجومەن دەمانەوێت دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە و بگەڕێینەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئاوارەیەكی زۆر ھەیە لە ھەموو ناوچەكان، كە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و چاوەرێ دەكەن ھێزە میلیشیاكان نەمێنێن و ئەوانیش بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار