پەرلەمان لەگەڵ وەزیرەکان گفتوگۆ دەکات

ھەولێر-KDP.info- لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرەکانی حکوومەتی ھەرێم دەکات بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاپۆرتی دووەمی چاکسازییەوە بدەن و تا ئێستا لە پەرلەمان میواندارییان لە سێ وەزیر کردووە.
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مەبەستی ئێمە لە میوانداریکردنی وەزیرەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەیە کە دەربارەی ڕاپۆرتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر یاسای چاکسازی ڕوونکردنەوە بدەنە پەرلەمان."
دکتۆر ئەرشەد تەھا، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مانگی ١٠ حکوومەت ڕاپۆرتی یەکەمی ڕەوانەی پەرلەمان کرد و ئێستا ئەوەی لە پەرلەمانە ڕاپۆرتی دووەمە و لیژنەی دارایی سەرقاڵی میوانداریکردنی وەزیرەکانە بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕاپۆرتی دووەمی چاکسازییەوە بدەنە پەرلەمان و تا ئێستا وەزیری پێشمەرگە و وەزیری شەھیدان و ناوخۆ ھاتوون و بڕیارە لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی داراییش کۆ بێتەوە و لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمانیش ئاگاداری ھەموو وردەکارییەکان بێت."
ئەرشەد تەھا گوتیشی: "ڕاپۆرتی یەکەم زیاتر ڕێنمایی بوو، بۆ ڕاپۆرتی دووەمیش ھەندێک ڕێنمایی مابوو کە ئەوانیش جێبەجێ کراون و ھەندێک ھەنگاوی کردەییش نراوە، وەکوو پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەراندا، بۆیە لیژنەی دارایی بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرەکان بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان و ڕوونکردنەوەی پێویست بدەن."
تەھا باسی لەوەش کرد: "دوای تەواوبوونی گفتوگۆ لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان، لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی ڕاپۆرتی دووەمی حکوومەت لەسەر چاکسازی دەنووسێت و ئاراستەی حکوومەتی دەکات، بەڵام ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن و ھێشتا تەواو نەبوون، کە تەواو بوون ئەوکات ڕاپۆرتی خۆیان دەنووسن."
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەیەک پێش ئێستا دووەمین ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی پەرلەمان کرد کە بڕیارە ھەرسێ مانگ جارێک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بکات.
بڵند ئیبراھیم




