جووتیاران: بە ھاوکاریی حکوومەت دەتوانین بەرهەمی کشتوکاڵی ھەناردەی وڵاتان بکەین

هەڵەبجە - KDP.info - کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی تەواو بە جووتیاران دەدات و ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی بەشی ناوخۆ بکات و بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی عەرەبییش هەناردە بکرێت. ھەناردەکارێکی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەڵێت، ساڵانە دەتوانم ھەزاران تەن بەرھەمی باخداری و کشتوکاڵ ھەناردەی وڵاتانی عەرەبی بکەم.
ئازاد محەمەد، جووتیاری نموونەیی لە پارێزگای ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرھەمی کشتوکاڵی کوردستان زۆر زیادی کردووە و ئێستا دەتوانین بازاڕی ناوخۆ پڕ بکەینەوە و، ھەناردەی دەرەوەی کوردستانیشی بکەین. من داوا لە حکوومەت دەکەم بە جددیتر کار بکات لەسەر قەدەغەی ھاوردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی، تاکوو بەرھەمی ناوخۆ نرخی باش بکات و جووتیاران قازانجی لێ بکەن و ساڵانە پەرە بە بەرھەمە کشتوکاڵییەکانیان بدەن."
ئازاد محەمەد ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات و دەڵێت: "حکوومەت زۆر پێویستە گرنگی بە کردنەوەی کارگەی جۆراوجۆر بدات بۆ ئەوەی بەرھەمەکانی کشتوکاڵ بەپیشەسازی بکرێت و بخرێتە بازاڕ، پێوستە حکوومەت بازاڕی دەرەکی بۆ بەرھەمەکانی کشتوکاڵ بدۆزێتەوە، چونکە ئێستا خەیارێکی زۆری ناوخۆ لە بازاڕە و ساخ نابێتەوە".
ئەو جووتیارە نموونەیییە ھێما بۆ ئەوە دەکات: "لە کوردستان دەتوانین ١٣ جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی لە تەواوی وەرزەکانی ساڵدا بەرھەم بھێنین و پێویستمان بە ھاوردە نەبێت، بەپێچەوانەوە دەتوانین ھەناردەشی بکەین."
ئەمڕۆ ٢٣ی ئادار، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی سلێمانی ڕای گەیاند: "کار لەسەر ئەوە دەکەین لە کشتوکاڵدا پێویستمان بە ھاوردە نەبێت و پشتیوانیی جووتیارانمان دەکەین."
فەرەیدوون نامدار، جووتیار و ھەناردەکەری بەرھەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکانی کوردستان بۆ ئەورووپا و دەوڵەتانی عەرەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەتوانین بەرھەمی کشتوکاڵی و باخداریمان ببن بە پێشەنگ لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپایی، بۆ نموونە باشترین جۆری ترێمان ھەیە، ھەنار جۆری زۆر باشمان ھەیە و ساڵانە دەتوانین دەیان ھەزار تۆن ھەناردەی وڵاتان بکەین، لە سنووری بەرواری و باڵەکایەتی باشترین جۆری سێو و ھەنگوینمان ھەیە، لە دەشتی ھەولێر پەتاتە و دەشتی شارەزوور شووتی و تەماتە، ئێستا دەتوانین دە جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی بەشی ناوخۆمان بکات و بیدەینە بازاڕەکانی عێراق و ھەناردەی وڵاتانیشی بکەین. سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری کشتوکاڵ ھاوکاری جووتیاران و ھەناردەکاری بەرھەمە کشتوکاڵییەکانن، من بۆ دووەم ساڵە بەرھەمی کشتوکاڵی و باخداری ھەناردەی وڵاتان دەکەم، ھاوکاریی زیاترمان بکەن، ئەم دوو ساڵە دەبێتە ساڵی زێڕینی کشتوکاڵ."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر بمانەوێت دەتوانین لە کوردستان ١٠ مانگی ساڵ بەرھەمی کشتوکاڵیمان لە چەندین جۆر ھەبێت، ساڵانە دەتوانین لە ھەولێر ١٠٠ ملیۆن کیلۆ پەتاتە ھەڵبگرین، بەشی ٣٤٣ ڕۆژی بازاڕەکانی پەتاتەی لێ نابڕێت، لە کوردستان ساڵانە ٦٠ ملیۆن کیلۆ ھەنارمان ھەیە، بەشی ٣٠٠ ڕۆژی بازاڕەکانی کوردستان دەکات، بەرھەمی ترێ ھەزاران تۆنە، پێویستمان بەوەیە چەندین کارگەی بەرھەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکان بکەینەوە."
عەزیز ڕەسووڵ




