عومەر عوسمان: شۆڕشی گوڵان پیلانی خیانەتکارانی جەزائیری پووچەڵ کردەوە
__2021_05_23_h18m38s0__HK.jpg)
ھەولێر-KDP. info- شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز لە ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ دژ بە ڕژێمی داگیرکەری ئەوکاتی عێراق دەستی پێ کرد و بە درێژاییی ساڵانی شۆڕش ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەنگاریی گەورەترین ڕژێمی سەردەم بوونەوە. فەرماندەیەکی شۆڕشی گوڵانیش دەڵێت، دوای خیانەتی جەزائیر ڕژێمی بەعس پێی وا بوو کۆتایی بە شۆڕشی کورد ھات، بەڵام ٢٦ی گوڵان سەلماندی ھیچ ڕێککەوتن و گەلەکۆمەیەک ناتوانێت کۆتایی بە شۆڕشی کورد بێنێت.
عومەر عوسمان، فەرماندەی شۆڕشی گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، چونکە ھەمان ئەو کادیر و پێشمەرگە قارەمانانەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون کە دەستیان بە شۆڕش کردەوە، پێم وایە شۆڕشی گوڵان تەحەدایەکی زۆر گەورە بوو لە بەردەم دوژمن، چونکە دوای ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی نەمر توانیی سەرکردایەتیی کاتی درووست بکات و بکەونە خۆئامادەکردن بۆ دەستپیکردنەوەی شۆڕش."
فەرماندەکەی شۆڕشی گوڵان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خۆم لە ڕادیۆ گوێم لە گوتارێکی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق گرت، گوتی، ''کۆتایی بەوانە ھات و جارێکی دیکە ھەتا کۆتاییی دنیا ناگەڕێنەوە'' کە مەبەستی ھێزی پێشمەرگە و شۆڕش بوو، بەڵام ھێندەی نەبرد ھێزەکانی پارتیزانی پێشمەرگە وەڵامی پەیامەکەی حەسەن بەکریان دایەوە بەوەی ئێمە ھەر دەمێنین ئێوە نامینن، دوای ئامادەکاریی ھێزی پێشمەرگە و بڵاوبوونەوەی چەندین مەفرەزەی سەرەتای شۆڕش ئیدی پێشمەرگە کەوتە جووڵە لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان و بەرەنگاری ھێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئەوکاتی عێراق بوونەوە."
عومەر عوسمان دەڵێت: "لە ڕۆژەکانی سەرەتای شۆڕش پێشمەرگە دەستیان بە چالاکیی ھەمەجۆر کرد و ڕێکخستنی حزبیش دەستی بە چالاکی کردەوە، ناوە ناوە چالاکی دژی ڕژێم دەکرا، بەڵام ڕۆژی ٢٦ی گوڵان یەکەم تەقەی پێشمەرگە لە دەڤەری حاجی ئۆمەران ڕووی دا، کە پێکدادان لە نێوان ھێزێکی پێشمەرگە بە فەرماندەییی سەیدعەبدوڵڵا لەگەڵ ھێزێکی عێراق لە حاجی ئۆمەران ڕووی دا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕش شەھید بوون و ھێزی دوژمنیش زیانی ماددی و گیانیی زۆری بەر کەوت، ئیدی ئەو ڕۆژە کرا بە دەستپێکی شۆڕش."
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەنێو شۆڕشی گوڵان، عومەر عوسمان گوتی: "سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی ھێزی پێشمەرگەی دەکرد و زۆرجاریش بە شێوەی مەیدانی بەشداریی لە چالاکییەکاندا ھەبوو، جگە لە ڕێکخستن و گەیاندنی ھاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە بەردەوام سەردانی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی دەکرد و لە نزیکەوە ئاگاداری جووڵە و چالاکیی پێشمەرگە بوو، داستانی بەنێوبانگی خواکۆڕک بە فەرماندەییی سەرۆک بارزانی تۆمار کرا و گەورەترین نەبەردیی ھێزی پێشمەرگە بەرانبەر بە گەورەترین ھێزی سەردەم بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگە کەمترین چەک و تەمەقەنیمان ھەبوو، لە بەرانبەردا ھێزی دوژمن بەراورد نەدەکرا."
قائید میرۆ




