"خزمەتگوزاری بۆ ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی ھەولێر دابین دەکرێت"

هەولێر-KDP.info- دوای بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی کەرتی ھەشتی حەسارۆک، بڕیارە ژمارەیەک کەرتی دیکەش ئاوەدان بکرێنەوە و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت، ئەو گەڕەکانە ھیچ ئاوەدانییان بۆ نەچووە و بڕیارە بۆ یەکەم جار ئاوەدان بکرێنەوە.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی کەرتی ھەشتی حەسارۆک، ژمارەیەک گەڕەکی دیکە لە شاری ھەولێر ھەن کە چەندین ساڵە دابەش کراون و تا ئێستا ھیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکراوە و خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی گەیاندنی خزمەتگوزارین بۆ ئەوەی بتوانن ئاوەدانی بکەنەوە، چونکە ئەو گەڕەکانەش ھاوشێوەی ھەشتی حەسارۆک پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە."
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "بڕیارە خزمەتگوزاری بۆ ھەریەک لە گەڕەکی گردجووتیار، کەڕک، باغلۆمنارە و بەشێکی تیمار دابین بکرێت، ئەویش دوای دیتنەوەی چارەسەری قۆناغ بە قۆناغ ئاوەدان دەکرێنەوە."
عەبدولواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم گەڕەکانە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ئابووریی ھەولێر و جگە لەوەی ھاووڵاتییانێکی زۆر سوودمەند دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی خانوو، کاریگەری لەسەر دەرفەتی کاریش دادەنێت، بازاڕی ھەولێر بەرەو پێشڤەچوونێکی بەرچاو دەچێت، لەبەر ئەوەی کە کار پەیدا بوو جووڵە دەکەوێتە بازاڕەوە."
قائید میرۆ




