٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆچی پلاسخارت وای گوت؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌كه‌ پرسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بووه‌ به‌ بابه‌تی سه‌ره‌كیی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و، هەم لایەنە سیاسییەکان و هەم پسپۆڕان ڕای جیاوازیان لەسەر نووسینەوەی دەستوور هەیە و پسپۆڕانی یاسایی و دەستووری و سیاسی دەڵێن، پەیامی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش ئەوەیە کە دەبێ هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە خۆی ڕێک بخات، ئەگەرنا دەکەوێتە بەر مەترسی، چونکە هەموو وەڵاتان مامەڵە لەگەڵ یاسا و قەوارە دەستوورییەکان دەکەن و، بۆ ئەوەش دەبێ سەرەتا لایەنە کوردستانییەکان یەکڕێز بن.

دەستوور فریادڕەسە!

دەربارەی نووسینەوەی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان، ڕێنجبەر شێخۆ، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسا دەستوورییەکان، دەڵێت: "دەستوور لە کۆمەڵێک یاسای ڕێزمانی پێک دێت و بۆ ڕێکخستنێ دەسەڵات و چۆنیەتیی بەڕێوبردنی دەسەڵات و سەرچاوەکانی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و گواستنەوەی دەسەڵات لە کەسێکەوە بۆ کەسێكی ترە و. هەروەها ماف و ئازادییە گشتییەکانی تاکەکەس دەپارێزێت. لەبەر ئەوە، گرنگیی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کە هەرێم قەوارەیەکی دەستوورییە و لە دەستووری عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥ ددان بە هەرێمی کوردستاندا نراوە وەک هەرێمێک لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا و دەستووری فیدراڵیی عێراق مافی بە هەرێمی کوردستان داوە کە خاوەنی دەستوور بێت و ئەم دەستوورە دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەریی تێدا هەبێت و، لەو ڕوانگەیەوە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر شەرعیەتیان دەبێت و لە ڕیگەی دەستوورەوە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن. دستوور دەسەڵاتە دامەزراوەیییەکان دەستنیشان دەکات و ئەگەر دەستوور نووسرایەوە، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک لەژێر هەیمەنەی حزبە سیاسییەکان دەردەکەوێت و لەژێر ڕۆشناییی دەستووردا ئیش و کارەکانیان دەکەن. نموونەش یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکان و ئەو یاسایانەی دەستوورین، چونکە ئەگەر دەستوورمان نەبوو، حزب و کەس و لایەنەکان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ئەو یاسایانە بگۆڕن و و ڕاستی بکەنەوە و ئەگەر دەستوورێکمان هەبووایە هەموارکردنەوە و ڕاستکردنەوەی ئەو یاسایانە قورس دەبوو، بە تایبەتی ئەگەر دەستوورەکەمان لە شێوازی ''دەستووری وشک'' (دستور جامد) بێت. لە لایەکی ترەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان بەرگێکی دیموکراسیی لە بەر کردووە، ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێرەن و، پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان لە بەڵگەنامەی دەستووریدا دەتوانێت زیاتر ناوبانگی کوردستان بەرەوپێشەوە ببات، لێرەشدا زۆر گرنگە."

وەڵاتان مامەڵە لەگەڵ قەوارە دەستوورییەکان دەکەن

ڕێنجبەر شێخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''بۆ وەڵاتە دراوسێکان و ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە ئەم دەستوورە گرنگە، چونکە ئەوان دەزانن مامەڵە لەگەڵ هەرێمێک دەکەن کە خاوەنی دەستوورە و دەستوور ناسنامە و پێناسەی هەرێم و وەڵاتانە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت پێناسەیەک بۆ خۆی دیاری بکات، دەبێت دەستوورێک بۆ خۆی دابنێت."

پەیامی پلاسخارت بۆ نەمانی هەڕەشە لەسەر کوردستان و یەکڕیزیی کورد بوو

جێنین پلاسخارت لە کۆنفراسی یەکڕێزی و دەستووردا لێدوانێکی دا و گوتی: "پێتان وا نەبێت بۆ هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت." لەو بارەیەوە، ئەم مامۆستایەی زانکۆ گوتی: ''ئەو لێدوانەی پلاسخارت واقعییانە و هۆشداری بوو، چونکە هەندێک وەڵاتانی ئیقلیمی دەستیان خستووەتە نێو جەرگی عێراق و هەندیک بەشی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و، ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و چەند پرسێكی تر باشترین بەڵگە بوون کە ویستیان دەست بخەنە نێو هەرێمی کورستان، بۆیە تاکە فریادڕەس کە هەرێمی کوردستان ڕزگار بکات لە دەستی دەرەکی و دانانی سنوورێک بۆ ئەو کەسانەی دەستیان تێکەڵ دەستی دوژمن دەکەن، یەکڕیزییە و، دواتر دانانی دەستوورێکە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم دەستوورە کاری هەموو دەسەڵاتەکان دەستنیشان دەکات کە کاریان چۆنە و دەسەڵاتیان چییە. چونکە بینیومانە هەندێک جار وەڤدی حکوومەت دەچێتە شوێنێک، دواتر وەڤدی حزبێک، یان هەندێک کەسایەتی و پەرلەمانتار دەچنە هەمان شوێن بۆ گفتوگۆ و لەسەر هەمان بابەت بە دژایەتییەوە کار دەکەن. بۆیە دەبێ کورد یەکڕیز بێت و دەستوور بنووسرێت، چونکە دەستوور بۆ هەرێمی کوردستانە و بۆ حزبێک، فەترەیەکی زەمەنی، مەزهەبێک، پێکهاتەیەک و کەسێک دانانرێت. دەستوور دەبێ ڕەنگدانەوەی سرووشتی کۆمەڵگا بێت و هەمووان لە تیکستی دەستووودا وەک یەک بن و دەبێ ئیجماعێکی نیشتمانی لەسەر دەستوور هەبێت."

'' ئێستا وەڵاتانی جیهان بە پرۆژە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەموو ئامانجیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتووی هەبێت و هاوپەیمانانیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەردەبڕن، بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەو کارە بکەن، چونکە لە ئایندەدا ئەمە بۆ کوردستان خراپە، ئەمەریکاش دەیەوێت کوردستان خاوەنی دەستوور بێت، لە هەمان کاتیشدا هەندێک وەڵاتانی دەورەبەر نایانەوێت کوردستان ببێت بە خاوەنی دەستوور، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بخەنە نێو کوردستان.''

پێش چەند ڕۆژێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دەستوورمان بۆ ئەوەیە یاسا سەروەر بکەین لە کوردستان و هاووڵاتییان پارێزراو بن". گوتیشی: "دەست بە هەنگاوی کرداری دەکەین بۆ نووسینەوەی دەستووری کوردستان." پرۆفیسۆری هاریکار، د. ئەڤین خالد، پسپۆڕی یاساکانی دەستوور و ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی نەورۆز لە دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پێویستە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی بێت، کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە، ئەمە ئیستحقاقێکی دەستوورییە، دەستووری عێراق سالی ٢٠٠٥ لە ماددەی ١٢٠دا مافی ئەوەی بە کوردستان داوە خاوەنی دەستووری خۆی بێت، سرووشتی هەموو وەڵاتێکی فیدراڵی وایە و پرەنسیپە سەرەکییەکانی فیدراڵی مافی ئەوە بە هەموو هەرێمێک دەدات کە خاوەنی دەستووری تایبەت بە خۆی بێت. دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە دەسەڵاتەکان و یاسادانان و دادوەری ڕێک دەخات، لەبەر نەبوونی دەستوور هەرێمی کوردستان تووشی چەندین کێشە بوو، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێم پێش چەند ساڵێک، پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت هەندێک یاسای گرنگ تێ پەرێنێت لەبەر نەبوونی هەندێک بنەما نەیتوانیوە ئەو یاسایانە تێ پەرێنێت، بۆیە دەستوور ناسنامەی گەلانە، دەتوانێت یاساکان بە ئاسانی گەڵاڵە بکات، ئەگەر دەستوورمان نەبێت ناتوانین کۆنترۆل لەسەر دامەزراوەکان بکەین و دامەزراوەکان نازانن لەسەر چ بنیاتێک کار بکەن، ڕاستە لە کوردستان بۆشاییی یاسایی نەبووە، هەندێک یاسا هەبوون کاریان پێ دەکرا، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەبوون، ئەگەر دەستوورێکمان هەبێت، کارەکان ''یەکگرتوو و ڕێکخستوو'' بکات ئەوکات هیج مەترسییەک نامێنێت، بەو دەستوورە دەتوانین یەک هێز و یەک دەسەڵات و یەک ئیدارەمان هەبێت، ئەمانە هەموو لەنێو دەستووردا دەکرێنە خاڵ و فەرز دەکرێن."

دەستووری هاووڵاتیبوون!

ئەم پسپۆڕە یاسایی و دەستوورییە دەشڵێت: "ئەگەر دەستوورێکمان هەبێت، دەتوانێت هەرێمی کوردستان یەکڕیز بکات و ئەو دەستوورە مافی هەمووان دەپارێزێت و سیستمێکی دیموکراسی پەیڕەو دەکات و ماف و ئازادییەکان بە تەواوی دیاری دەکات بۆ ئەوەی بە تەواوی بکەونە واری جیبەجێکردنەوە و لە هەموو لایەنێکەوە ڕێزیان لێ بگیرێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیبوون پەیڕەو بکرێت، هیج کەسێك لەم وەڵاتەدا هەست بە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی ناکات و دەستوور دەبێتە پارێزەری دەستکەوتەکانمان و بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانمان نەبێت، دەبێ بەرەو دانانی دەستوورێک بچین بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان دەستووری نەبێت ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش تەماشای کوردستان دەکات کەوا لەسەر بنیاتی حزبی ئیش دەکات و ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات."

هاوکات ڕۆبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمای کوردستان دەڵێت: "نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌زانین، گرنگه‌ له‌گه‌ڵ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور مافی كه‌س نا‌خورێت و ئامانجه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له ‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ دەبێت. دەبێ ھەموو لایەکمان بیر لە گوتارەکەی مه‌سروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بکەینەوە کە گوتی، پێش ھەموو شتێک دەبێت ئامانجەکانمان دیاری بکەین و یەک بخەین. پێویستە ئێمە کار بۆ دەستوورێک بکەین مافی سەرجەم پێکھاتەکانی تێدا فه‌راهم بێت و کەس لە کوردستان خۆی بە کەم نەزانێت، کوردستان وەڵاتی ھەمووانە."

ڕۆبینا تیاری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، حکوومەت و پەرلەمانێکی بەھێزمان ھەبێت. ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەھێز و یەکگرتوو بێت. ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ناوچە داگیرکراوەکان بگەڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان له ‌سه‌رووی هه‌موو شتێكەوە بێت."

کـاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار