کرمانج عەبدوڵڵا: لە دوای گەڕانەوەی پێشمەرگە خەڵک دەگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان

مەخموور-KDP.info- دوای بڕیاری پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگیی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، بەرپرسێکی پارتی لە مەخموور ئاشکرای کرد، لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە خەڵکیش دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان نامێنێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆخی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگی و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان، یەکەم ھەنگاوی درووستە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، چونکە بۆشاییی ئەمنی پەیدا بووە و چەکدارانی داعش تێیدا خۆیان ڕێک خستووەتەوە، لەبەر ئەوەش بە گەڕانەوەی پێشمەرگە جووڵەی داعش سنوردار دەکرێت."
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقەوە دەبێتە ھۆکارێک ئەو خەڵکەی بەھۆی مەترسیی داعش و پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبیەوە ناوچەکانیان چۆڵ کردەوە دەگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان."
کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "متمانە بۆ ھاووڵاتییانی کورد دەگەڕێتەوە کە بەھۆی ڕەوشی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە متمانەیان نەماوە بە ناوچەکە، لەبەر ئەوەش، یەک پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو سنوورانە و لەژێر ھەرناوێک پێشمەرگە لە دوورەوەش دیار بێت خەڵکی دڵنیا دەبن لە پاراستنی ژیانیان، ھیوادارین ھەنگاوی دیکەشی بەدوادا بێت بۆ ئەوەی بە یەکجاری ڕەوشەکە ئاسایی بکرێـتەوە."
قائید میرۆ




