٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەوڵدەدرێت کێشەی ناردنی بەرھەمی نێوخۆیی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق چارەبکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی عێراق بێ ھیچ ھۆکارێک ڕێگری لە چوونی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەکات، لە کاتێکدا ئەوان بەرھەمی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دێنن، بۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە سەرخەت و لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە خەتە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بێ ھۆکار ڕێگری دەکرێت بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بچێتە عێراق، چونکە بەرھەمی جووتیارانی پارێزگاکانی عێراق دێتە ھەرێمی کوردستان و ھیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕێگری دەکات لە چوونی بەرھەمی جووتیارانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق کە ئێستا کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆیە."

حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "ڕێگری دەکەن بازرگانانی خۆمان بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ببنە شارەکانی عێراق، جا نازانین ھۆکارەکە سیاسییە، یاخود نا. ئێستا ئێمە لە سەرھێڵین و گلەوگازندەکانمان گەیاندووەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان لێ ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ھۆکاری ڕێگریکردنەکە دیاری بکەن."

کەریم باسی لەوەش کرد: "جگە لەوەش، لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراقیش ھاتووەتە سەرخەت و ئەوانیش لە ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدان."

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ساڵان ئەو کێشەیە نەبووە و ئاسایی بووە کە بەرھەمی ناوخۆی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان ھاتووە و بەرھەمی خۆشمان بۆ عێراق چووە، چونکە ئەوە بەرھەمی ناوخۆیە و ناکرێت ڕێگری لێ بکرێت، بەڵام ئەمساڵ نازانین بە چ بیانوویەک ڕێگری دەکەن، لە کاتێکدا بەرھەمی ئەوان دێت بۆ ھەرێمی کوردستان و ھیچ کێشەیەکی نییە".

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار