٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ناحیەی قەسرۆک ژمارەیەک پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن"

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- لە سنووری ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان ٢٢ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێت و بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆکیش دەڵێت، پڕۆژەکانی قۆناغی یەکەم کاری تێدا دەکرێت و دوای تەواوبوونیان سوودی بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت.

مەهران لوقمان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچەکان کردووە و لە سنووری ناحیەی قەسرۆکیش ڕەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە نیشان دراوە کە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێن؛ قۆناغی یەکەم بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار ١٢ پڕۆژەیە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن."

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک گوتی: "قۆناغی دووەمیش پێک هاتووە لە ١٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بە گوژمەی دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەم، قۆناغی دووەمی پڕۆژەکان دەست پێ دەکات."

مەهران لوقمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکانی سنووری شارەدێی قەسرۆک جۆراوجۆرن و لە ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و باخچە پێک هاتوون، دوای تەواوبوونیان سوودی زۆریان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت، چونکە ئەمانەی جێبەجێ دەکرێن پێداویستیی سەرەکیی خەڵکی قەسرۆکن، ئەگەر ڕەوشی داراییی حکوومەت بەرەو باشتر بچێت ئەوە بێگومان پڕۆژەی زیاتر لە هەگبەی ئێمەدایە بۆ دانیشتووانی سنووری ناحیەکەمان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار