٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" بڕیارە پێش هەڵبژاردنەکان ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

یەکەم هەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان دەستی پێ کردووە و سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بڕیارە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و پێکهێنانی ژووری هەماهەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە، چونکە ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان تا دێت بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی چەکدارانی داعشیش باشترین بەڵگەن بۆ ئاڵۆزی و مەترسیی سەر ئەو ناوچانە.

سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "حەفتەی دابێت وەزیری پێشمەرگە بەشداریی کۆبوونەوەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی پەرلەمان دەکات و لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە داوای بانگهێشتی وەزیری پێشمەرگەمان کردووە، تا بزانین بۆچی ڕەوشی ئەو ناوچانە تا ئێستا ئاسایی ناکرێتەوە و ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بۆچی جێبەجێ نەکراون."

ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە چەند هەنگاوێک ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە، گەڕانەوەی پێشمەرگەش هەوڵێکی زۆر ئەرێنییە، لەبەر ئەوەی دڵنیایی دەدرێتە خەڵکی ئەو ناوچانە و کاریگەریی خۆی دەبێت، بەڵام ئاساییکردنەوەی یەکجاری پێویستی بە هەنگاوی دیکەیە، لەوانە گۆڕینی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، کە هیوادارین پێش هەڵبژاردنەکان هەنگاوەکان خێراتر بکرێن و خەڵکی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار