لە پڕۆژەیاسای بوودجە پێشنیار کراوە ئەوانەی لەسەر کار نەماون کەسانی دیکە لە شوێنیان دابندرێت
__2021_05_20_h16m6s46__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کوردستاندا پێشنیاری کردووە کە ئەو کەسانەی بەھۆی خانەنشینکردن، یان کۆچی دوایی، یان وازھێنان لەسەر کاری خۆیان نەماون، کەسانی دیکە لە شوێنیان دابمەزرێن و ئەولەویەتیش بدرێت بە گرێبەستەکان و خزمەتی گرێبەستیشیان بۆ ھەژمار بکرێت. جێگری سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستانیش دەڵێت، ئەمە یەکێک بووە لە پێشنیارەکانی ئێمە بۆ ئەوەی ماموستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە ھەمیشەیی.
ئەحمەد گەرمیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کاتێک سەردانی وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان کرد، داواکارییەکمان پێشکەشی وەزیری دارایی کرد، کە ئەو کەسانەی خانەنشین دەبن، یان کۆچی دوایی دەکەن، یان واز لە کاری خۆیان دێنن، کەسانی دیکە لە شوێنی ئەوان بکرێنە ھەمیشەیی، جا لەبەر ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست کە ٥ ھەزار کەس بوون کرانە ھەمیشەیی، ئێستا ئێمە تەنھا وانەبێژمان ھەیە بکرێنە ھەمیشەیی و وەزارەتەکانی دیکە کە گرێبەستیان ھەیە ئەوانیش بکرێنە ھەمیشەیی."
گەرمیانی باسی لەوەش کرد: "لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەڕۆن بۆشایییەک درووست دەبێت و ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە و بەڵگەیە کە ئابووریی ھەرێم بەرەو باشتر دەچێت و بە ھەموو توانایەکمان پشتگیری لەو پێشنیارە دەکەین، بۆیە ئەوەی کراوە یەکێکە لە پێشنیارەکان و داواکارییەکانی ئێمە، لەبەر ئەوەی لە وەزارەتی ئێمە گرێبەستمان نەماوە. ئەولەویەت دەدرێتە وانەبێژان."
وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بوودجەی ئامادە کردووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




