یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە خانەقین دروست کرا

خانەقین-KDP.info- دوای بڕیاردان لەبارەی دروستکردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان، یەکەم ژووری ئۆپەراسیۆن لە شاری خانەقین دروست کرا، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، دروستکردنی ژوورەکان دەستی پێکردووە و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا تەواو دەکرێن.
ئەکبەر حەیدر، جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەکو یەکەم ھەنگاو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی ھێزی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین دروست کرا، کە ژوورەکە لە ١٠ کەس لە ھەردوولا پێک ھاتووە و ئێستا کاری خۆیان دەکەن.
حەیدەر گوتیشی، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەر شوێنێک بۆشایی ئەمنی یان جموجۆڵی داعش هەبێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدرێت و ئەو مەترسییەی لە ناوچەکەدا ھەیە، نەمێنێت.
لای خۆشیەوە، عەمید عوسمان ریشە، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دروستکردنی ژوورە ھاوبەشەکان دەستی پێکراوە کە پێشتر ئەوانەی ھەولێر و بەغدا دروست کراون و ئەوانەی ئێستاش ھەر چواری کە دەستبەکار بوون، پلانیان دەبێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بپشکنن و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن.
عەمید عوسمان باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا دروستکردنی ھەر چوار ژووری ھاوبەش تەواو دەبێت و کاری خۆیان دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




