خەسرۆ گۆران: پارتی ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردن کردووە

هەولێر-KDP.info- خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانی ئەو هەفتەیەی وێبیناری لقی شەشی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو و بابەتێکی دەربارەی یاساکانی هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەری) ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، پێشکەش کرد.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، سەرەتا پوختەیەکی دەربارەی یاساکانی هەڵبژاردن لە عێراق پێشکەش کرد و ڕۆشنایی خستە سەر یاسای نوێی هەڵبژاردن، کە لە پەرلەمانی عێراق لە لایەن پێکهاتەیەکی عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێندرا. خەسرۆ گۆران گوتی، یاسای تازە جیاوازە لەگەڵ یاساکانی پێشوو، چونکە پارێزگا و ناوچەکان دابەش دەکات بەسەر ژمارەیەك بازنەی جیاوازدا. ئەو یاسایە موعەقەدە بە بەراورد لەگەڵ یاساکانی پێشوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاریی باشی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی وەك هەڵبژاردنی پێشوو سەرکەوتنێکی مەزن تۆمار بکات و ڕێژەی دەنگەکان و کورسییەکانی زیاتر بکات.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستێکی تایبەت و بە تەنها بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەکات، هەروەها لە دوای دەرچوونی ئەنجامەکان ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سەرکەوتووەکان بکات و هاوپەیمانی دروست بکات.
گوتیشی: "مەرجی سەرەکیی پارتیمان بۆ هەر هاوپەیمانییەك لە دوای هەڵبژاردندا، پاراستن و وەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت".
سەبارەت بە کەرکووك و نەینەواش، خەسرۆ گۆران ئاماژەی دا: "هەموو ئامادەکارییەکان بە باشی بەڕێوە چوونە، بۆ ئەوەی پارتیمان سەرکەوتن لە هەردوو شوێندا بەدەست بێنێت".
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی هەروەها ڕوونی کردەوە، بە پێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە دەرەوەی وڵات، بۆ هۆکاری تەکنیکی دەگەڕێتەوە و جەختیشی لەسەر گرینگی بەشداریکردنی ڕەوەندی کوردستانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کردەوە.





