"کۆنفرانسێک لە نێوان بارزگانانی ھەرێم و سعوودیە بەڕێوە دەچێت"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک وەبەرھێنەر و بارزگانی وڵاتی سعوودیە بێنە عێراق و ھەرێمی کوردستان. بەرپرسێکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانیش دەڵێت، کۆنفرانسێک لە نێوان بازرگانانی ھەرێم و سعوودیە بۆ ڕاکێشانی سعوودیەکان بەڕێوە دەچێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتی سعوودیە ڕۆڵێکی زۆری ھەیە لە بواری وەبەرھێنان و بازرگانی لە ناوچەکە و ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی بازرگانی سعوودی دەیانەوێت بێنە ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کارکردن، بە تایبەتی وەبەرھێنەرانی سعوودی ڕۆڵیان ھەیە لە بواری وەبەرھێنان."
بەرپرسەکەی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران دەڵێت: "تا وەبەرھێنەر و بازرگانی سعوودی بێنە ھەرێمی کوردستان و لەسەر چۆنیەتیی کارکردنیان بڕیارە کۆنفرانسێکی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی ھەردوولا بەڕێوە بچێت بە شێوەی ئۆنلاین."
گەیلان حاجی سەعید ڕوونی کردەوە: "ھێشتا ڕۆژی کۆنفرانسەکە دیاری نەکراوە، بەڵام لە دانوستانداین لەگەڵ سعوودیە تا بزانین چەند کۆمپانیای ئێمە و چەندی ئەوان بەشداری دەکەن و ڕۆڵی حکوومەت لە کۆنفرانسەکەدا چی دەبێت، ڕۆژانی داھاتوو یەکلا دەبێتەوە، بەڵام دانوستان ھەیە و گەیشتووینەتە بڕیار بۆ کارکردنی ئەوان."
قائید میرۆ




