نێچیرڤان بارزانی: دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت بەهاکانی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین بپارێزێت

ھەولێر-KDP. info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە "کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان عێراق یەکڕیزی و دەستوور" کە لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە رێکخرابوو رایگەیاند، دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت بەهاکانی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین بپارێزێت و رەنگدانەوەی زۆربەی خواستەکانی پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "دەستوورمان بۆ ئەوەیە یاسا سەروەر بکەین لە کوردستان و هاووڵاتییان پارێزراوبن"، گوتیشی، "دەست بە هەنگاوی کرداری دەکەین بۆ نووسینەوەی دەستووری کوردستان".
هەر لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد، "دەستوورێکمان دەوێت هەموو پێکهاتەکانی کوردستان وەکو یەک بپارێزێت"، ئەوەشی خستەڕوو "کە پێکەوەبووین توانیوومانە هەندێک دەستکەوت بەدەستبێنین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بە هیچ شێوەیەک "زۆربەی ئەو ماددانەی جێبەجێ نەکردوون کە پەیوەندییان بە مافەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە"، دەشڵێت "دەستکەوتەکان بە یەکڕیزی بەدەستهاتوون و شانازین بۆ هەموو لایەنەکان نەک یەک لایەن".
نێچیرڤان بارزانی داوایکرد کە دەبێت هەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکومەتدا هەست بە بەشداریی خۆیان لە بڕیارداندا بکەن، راشیگەیاند "نابێت لەکاتی کێشەکاندا هیچ لایەنێک خۆی بە بەشدار نەزانێت و تەنیا لەکاتی دەستکەوتەکاندا خۆی بە بەشدار بزانێت".
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە لە هەرێمی کوردستان خاڵە هاوبەشەکان زۆر زیاترن لە جیاوازییەکان؛ هەروەها باسی لەوەش کرد "نەمانی بیرکردنەوە بۆ پەنابردنە بەر چەک لە کێشە ناوخۆییەکاندا پێشکەوتنێکی زۆر گەورەیە".
سەبارەت بە چالاکبوونەوەی داعش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ناوچەکانی ماددەی 140 داعش "زۆر چالاک بووە"، ئەوەشی خستەڕوو "بەر لەهاتنی داعش ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوومان هەبوو لە خۆبەڕێوەبردن لە دەشتی نەینەوا، ئەوکات پێشمەرگەمان نەنارد بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵکو هێزێکمان لە خەڵکی ئەو ناوچەیە دروستکرد".




