"پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت"

زاخۆ-KDP.info- پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ لە سەنتەری قەزای زاخۆ جێبەجێ دەکرێت و سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ دەڵێت، پڕۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و بۆ جاری یەکەمە پڕۆژەیەکی وەھا گرینگی ئاوەڕۆ لە شارۆچکەی زاخۆ جێبەجێ دەکرێت.
وڵات سەعید، سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە بەھۆی بارانبارینەوە زیانی گەورە بە شارۆچکەی زاخۆ دەکەوێت و دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورە دراوە بۆ ئەوەی زیانەکانی لافاو و باران کەمتر بکرێنەوە و پڕۆژەی ئاوەڕۆی سەنتەری زاخۆ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێم ھەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆی زاخۆ خەرج کردووە و ئێستا کار لە پڕۆژەکەدا دەکرێت."
وڵات سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی ئاوەڕۆی قەزای زاخۆ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی قەزاکە، چونکە ئەمە بۆ جاری یەکەمە پڕۆژەیەکی وەھا گرینگ لە شارۆچکەی زاخۆ جێبەجێ دەکرێت و دوای تەوابوونی سوودی زۆری بۆ شارۆچکەی زاخۆ دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی زستان و بارانبارین".
قائید میرۆ




