"ڕێگای سەرەکیی سەرزێڕێ دەکرێتە دووساید"

دهۆک-KDP.info- بڕیارە ڕێگەی سەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ بکرێتە دووساید و بەڕێوەبەری ناحیەی کانیماسێی سەر بە پارێزگای دھۆکیش دەڵێت، بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەرچووە و تەنیا ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە بۆ خەرجکردنی پارە.
سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانیماسێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕێگەی سەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕی لە سنووری ناحیەی کانیماسێ بکرێتە دووساید و دیزاینی پڕۆژەکەش کۆتاییی ھاتووە کە ٢٣ کیلۆمەتری ڕێگا دەکرێتە دووساید لە خاڵی سنووری سەرزێڕێ تا دەگاتە ئەو شوێنەی بڕیارە بکرێتە تۆنێل، ئێستا چاوەڕێی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکە."
بەڕێوەبەری ناحیەی کانیماسێ دەشڵێت: "درووستکردن و بەدووسایدکردنی ڕێگاکە کاریگەریی لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت، چونکە ھەم خەڵکی سنوورەکە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت لە ڕووی ھاتوچۆوە، ھەم ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ وڵاتی تورکیا."
سەربەست ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەڤەرەکە ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون و بەشێک لەو پڕۆژانە بەر ناحیەی کانیماسێ کەوتوون و چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
قائید میرۆ




