سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان: ئەوانەی خانووی زێدەڕۆیان درووست کردووە بە سوودمەندبوو ھەژمار ناکرێن
__2021_05_18_h18m38s22__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار دەکرێتەوە و سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، چەندین گۆڕانکاریی بەرچاو لە یاساکەدا دەکرێن، لەوانەش خاوەنی خانووی زێدەڕۆ لە کاتی تاپۆکردنی خانووەکەیدا بە سوودمەند ھەژمار ناکرێت.
لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکوومەت نەیتوانی یاسای بەخاوەنکردنی خانووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و بڕیارە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، پڕۆژەیەکی دیکە بۆ ھەمواری یاساکە ئامادە کراوە و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، تا لە شوێنی یاسای پێشوو کاری پێ بکرێت."
سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان گوتی: "چەندین گۆڕانکاریی بەرچاو لە ھەمواری یاسای بەخاوەنکردنی خانووی زێدەڕۆ کراوە، چونکە یاسای پێشوو ھەندێ بڕگە و ماددەی تێدا بوو پێویستی بە گۆڕانکاری ھەبوو، ئێستا گۆڕانکارییەکان کراون."
وەردی ڕوونی کردەوە: "بەپێی پڕۆژەکە ھەر ھاووڵاتییەک خانووی زێدەڕۆی ھەبێت بەپێی یاسا لەسەری تاپۆ دەکرێت و ئەگەر ھاووڵاتییەکە پێشتر سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی، ئەوە بە سوودمەندبوو ھەژمار ناکرێت، ئەمەیش لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییاندایە، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی پارچەزەوی و جگە لە تاپۆکردنی خانووەکانیان لە کاتی دابەشکردنی زەویش لەلایەن حکوومەتەوە دەتوانن سوودمەند ببن."
قائید میرۆ




