سەرۆکی نوێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێم ھەڵبژێردرا

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، سەرۆکێکی نوێ بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، لەیلا عەبدولجەبار بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ ھەڵبژێردرا، کە ئەو پۆستە ماوەیەکە وادەکەی بەسەر چووبوو، بۆیە سەرۆکێکی نوێی بۆ دیاری کرا.
لەیلا عەبدولجەبار گوتیشی، ھەندێک پۆست سەربەخۆن و سیڤیەکانیان لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی و پسپۆری دیاری کراون، چونکە ئەو دەستەیە لەلایەن پەرلەمان چاودێری و سەرپەرشتی دەکرێت.
وتیشی، لەبەر ئەوەی ماوەی سەرۆکی پێشوو بەسەر چووبوو، پێویست بوو کەسێکی دیکە لە شوێنی دابنرێت و ئەو پۆستەش پشکی پێکھاتەی مەسیحیەکانە لە ھەرێمی کوردستان.
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان مونا یوحەننا بە دەنگی 71 پەرلەمانتار بووە سەرۆکی تازەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان، کە ئەو پۆستە پێشتر لەلایەن زیا بترۆس کە ئەویش مەسیحی بوو بەرێوە دەبردرا.
بڵند ئیبراھیم




