"لە ھەولێر و سەرجەم قەزا و ناحیەكان پڕۆژە ئەنجام دەدرێن"

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٨ملیار دیناری بۆ ھەولێر تەرخان كردووە، كە بەو پارەیە پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ھەولێر و سەرجەم قەزا و ناحیەكان ئەنجام دەدرێن.
عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بۆ پارێزگای ھەولێر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ٢٨ملیار و٣٥٢ملیۆن دیناری تەرخان كردووە، كە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆرە لە ھەولێر و سەرجەم قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگای ھەولێر و، لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و خەرجكردنی پارەكەش، ئێمە چاودێری دەكەین".
رەشید گوتیشی: "پارێزگا بە نووسراوێك ئێمەی لە وردەكارییەكان ئاگادار كردووەتەوە، كە پڕۆژەكان بۆ قەزای ناوەندیی ھەولێر ٢٦پڕۆژە و قەزای چۆمان ١٠پڕۆژە و قەزای خەبات ٢٣پڕۆژەیە و قەزای دەشتی ھەولێریش ١٤پڕۆژەیە، هەروەها بۆ قەزای رواندز٦ پڕۆژەیە و قەزای شەقَلاوە ١٧پڕۆژە و قەزای كۆیە ١١ پڕۆژە و قەزای مێرگەسۆر ٧ پڕۆژە و قەزای سۆران ١١پڕۆژە و قەزای مەخموور ٣ پڕۆژە و بۆ بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی ھەولێریش ٢پڕۆژەیە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، پڕۆژەكان بەپێی بودجەكە بۆ ھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ئەنجام دەدرێن، كە سەرجەم سێكتەرەكان لەخۆ دەگرێت، وەكو ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و شارەوانی و پەروەردە و تەندروستی.
بڵند ئیبراھیم




