٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ڤیان: حكوومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بەغدا دەربڕیوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە كردوویانە، بەردەوامن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رابردوو و ئێستاشدا ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانی بەرامبەر بەغدا دەربڕیوە.

د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وەك ئاشكرایە، پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی ٣١/٣/٢٠٢١ دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ دا، بە پشكی هەرێمی كودرستانیشەوە، بە تایبەت ئەوەی كە پەیوەندی بە هەردوو ماددەی ١٠ و ١١ هەبوو، بە پشتبەستن بە ماددەی٥٢ لە یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی ژمارە ٢٣ بۆ ساڵی ٢٠٢١، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانیش لە حكوومەتی فیدڕاڵی چەند رێنماییەكیان دەركرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی گشتیی وەزارەتی داراییە، كە ئەو رێنماییانەش لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی بە ژمارە ٤٦٢٥ لە ١٢ی نیسانی٢٠٢١ بڵاو كراونەتەوە.

سەبری گوتیشی، پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەی دارایی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بریتییە لە ١١ ترلیۆن و ٤٨٢ ملیار و ٣٩٤ملیۆن دینار، حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و نووسراوی فەرمیی خۆی بە (ژمارە ١١٨٦ لە بەرواری ١٥/٤/٢٠٢١) ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بۆ جەختكردنەوە لە ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە جێبەجێكردنی ئەو پابەندییانەی دەكەونە سەری لە یاسای بودجەدا بۆ گشت مانگێك (لە مانگی كانوونی دووەمەوە). دواتر بەپێی نووسراوی ژمارە ١٦٣ لە ١٣/٤/٢٠٢١ و بۆ هەمان مەبەست، جەخت لە نووسراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەمە بەدەر لەوەی  دیوانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم پلان و وردبینیی هاوبەشی نارد بۆ دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی بەپێی نووسراوی ژمارە ١ / ١/ ٨٣ لە بەرواری ٥/٢/٢٠٢١ لە پێناو دەستەبەری لە جێبەجێكردنی بڕگەی (د) و بڕگەی (ج) لە ماددەی ١١ی یاسای بودجە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ڕوونیشی كردەوە، ئەم رێكارانەی كە حكوومەتی هەرێم پێی هەستاوە، لە پێناو دەستەبەریی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بووە، بۆیە هەر كەسێك بە هەر هۆكارێكی حزبی یان هەڵبژاردن، بانگەشە بكات و بیەوێت هاووڵاتیانی پێ چەواشە بكات و بڵێت ئەو دەنگدانەی لە رۆژی ٣١/٣/٢٠٢١ بۆ بودجە درا، جێبەجێكردنی دەكەوێتە ١/٤/٢٠٢١ـەوە، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ دەقی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە، كە بە ڕوونی تێیدا باس كراوە.

دەشڵێ: "هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بەردەوامن و گەشببینین بەوەی  لە ئایندەیەكی نزیكدا پشكی هەرێم وەك ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بنێردرێت".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار