دیاری حوسێن: خەڵك بۆی دەركەوت كە بە ئامادەنەبوونی پارتی لە كەركووك چەند زیانیان بەركەوتووە

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بە ھۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكاندا ھاتووە بە بێ بوونی پارتی لەو ناوچانە، ئەم جارە خەڵك بە حەماسەوە سەردانی بنكەكانی دەنگدان دەكات و دەنگی پارتی زیاد دەبێت، چونكە خەڵك دەزانێت بێ پارتی چەند زیانیان بەركەوتووە و پارتیش بە نوێنەری كورد دەزانن.
دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ناوی كاندیدانی خۆمان بۆ ھەڵبژاردن پێشكەش كردووە و سەرقاڵین لەگەڵ رێكخستنەكانی خۆمان، بۆ ئەوەی زەمینەیەكی باش ساز بكەین تا گفتوگۆ لەگەڵ هەموووان بكەین بۆ ھەڵبژاردن و حكوومەتی ھەرێم و بەغداش بگەنە ئەنجامێك و بارەگاكانی خۆمان وەرگرینەوە و لە نزیكە لەگەڵ خەڵكی خۆمان لە كەركووك و گەرمیان و خانەقین و خورماتوو قسە بكەین، بۆ ئەوەی لە كاتی ھەڵبژاردندا بانگەشە دەست پێبكەین".
حوسێن گوتیشی: "ئێستا كۆمسیۆن سەرقاڵی دانانی كارمەندە بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان و گفتوگۆی ئێمەش بۆ گەڕانەوە بەردەوامە و پێش ھەڵبژاردن دەگەینە ئەنجام، كە چەند زووتر بێت باشترە، چونكە پێویستە چەند مانگێك پێش ھەڵبژاردن بگەڕێینەوە بۆ كەركووك، بۆ ئەوەی بتوانین پێش ھەڵبژاردن پێشوازی لە جەماوەری خۆمان بكەین لە سنوورەكەدا".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەمجارە دەنگی ئێمە زیاد دەكات بە ھۆی ئەو دۆخە خراپەی لە كەركووك ھەیە لە ڕووی ئابووری و ژیان و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئازادی و لە ھەموو روویەكەوە، كە پارتی لەوێ بوو دۆخەكە جیاواز بوو، چونكە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كورد گورزێكی گەورەی بەركەوتووە، بۆیە حەماسەتی كورد زیاترە دەنگ بدات بە ھۆی ھەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی بەرامبەر ئەو كردەوانەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر دەرهەق بە كورد دەكرێت، ئێستاش خەڵك پارتی بە نوێنەری كورد دەزانن لەو ناوچانەدا، بۆیە چاوەڕێ دەكەین دەنگەكانمان زیاد بكات".
دەشڵێ: "وەكو كاندید، دوو كاندیدمان لە بازنەی یەك و دوو ھەیە و كەسانی سەربەخۆش سەردانی ئێمەیان كردووە، بەڵام زیاتر كار بۆ كاندیدەكانی خۆمان دەكەین".
بڵند ئیبراھیم




