سەربەست لەزگین: چوار ژووری هەماهەنگی بۆ ناوچە کورستانییەکان پێک دێت

هەولێر-KDP.info- بەپێی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوو ژمارەیەک ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێک دێت و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، بڕیار لەسەر چوار ژووری هەماهەنگی دراوە.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش جەژن شاندێکی سەربازیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بوونەوە، پێشتریش ڕێککەوتن هەبوو لەسەر پێکهێنانی ژمارەیەک ژووری هەماهەنگی، بەڵام پێکهێنانیان دوا کەوت."
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بڕیار درا دوای جەژن چوار ژووری هەماهەنگی لە نێوان هەردوو لا بکرێنەوە و دەستبەکار ببن."
لەزگین ڕوونی کردەوە: "ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە خەریکی دیاریکردنی ئەفسەرە بۆ ژوورەکانی هەماهەنگی و لەگەڵ عێراق پێکەوە زانیاری لەبارەی جووڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ دەکەن."
قائید میرۆ




