٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی كشتوكاڵ: ھەندێك بەرھەممان قەدەغە كردووە و بەشێكیشی باجمان لەسەر داناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە پێناو ساخكردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ و نەگەیاندنی زیان بە جووتیاران، ھەندێك بەرھەمیان قەدەغە كردووە و بەشێكیشی باجیان لەسەر داناوە. دەشڵێ، ھەر بەرھەمێك لە كاتی پێگەیشتنیدا بەشی ناوخۆ بكات، ھاوردەكردنی قەدەغە دەكرێت.

حوسێن حەمەكەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ھاوردەكردنی كۆمەڵێك بەرھەم قەدەغە بكرێت و كۆمەلێك بەرھەمیش باجمان لەسەر داناوە، بۆ نموونە نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە كە مریشكی بەستوو ھاوردەكردنی قەدەغە بكرێت، چونكە بەرھەمی ناوخۆ پێداویستیی خۆمان پڕ دەكاتەوە، جگە لەوەش ھاوردەكردنی پەتاتەمان قەدەغە كردووە، چونكە ئەو بەرھەمەش زۆرە لە ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ چەند بەرھەمێكی دیكە".

حەمەكەریم گوتیشی: "ھاوردەكردنی چەند بەرھەمێكی دیكە باجمان لەسەر داناوە، لەوانە شوتی باجی لەسەر دانراوە و ھەر بەرھەمێكیش پێویست بكات و پێداویستیی ناوخۆ پڕ بكاتەوە، قەدەغەی دەكەین، چونكە مەبەستی ئێمە ساخكردنەوە و گرنگیدانە بە بەرھەمی ناوخۆ".

ناوبراو دەشڵێ: "بەرھەمی ناوخۆ ئەگەر بەشی خۆمان بكات، لە كاتی پێگەیشتندا قەدەغەی دەكەین، بۆ ئەوەی جووتیاران زەرەرمەند نەبن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار